ناس کورد-
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی بڕیارەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و جامڕەش و چەکی بێ مۆڵەتدا لە سنوری چەمچەماڵ دەستپێکرد و بەردەوامیش دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی چەمچەماڵ (دووشەممە 2ی ئابی 2021) ڕایگەیاند، "لەچوارچێوەی ڕێنماییەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هێزەکانمان لەبازگەی بانمەقان هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی ساختەیان بەستووە و جامەکانیان بەشێوەیەکی نایاسایی ڕەشکردووە دەستپێکرد."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەپێناو ئارامی و ئاسایشی سنورەکەدا هەڵمەتەکە لەسەرجەم بنکە و بازگە و یاریدەدەرێتیەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان بەردەوام دەبێت و چاوپۆشی لەهیچ کەسو لایەنێک ناکرێت."
بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی هەڵمەتێکی دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و چەکی بێ مۆڵەت و ئۆتۆمبێلی جام ڕەش دەستیپێکردووە و تائێستاش بەردەوامە.