گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆكایەتی یەكێكیانە

چوارچێوەی گۆڕانكاری و بڕیارە نوێیەكانی یەكێتی ئاشكرا كران

2021.08.02 - 00:10
App store icon Play store icon Play store icon
چوارچێوەی گۆڕانكاری و بڕیارە نوێیەكانی یەكێتی ئاشكرا كران

ناس كورد_

میدیای نزیك لەماڵی تاڵەبانی بڵاویكردەوە لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا گۆڕانكاری لە ئۆرگان و مەكتەب و مەڵبەندەكانی یەكێتیدا دەكرێت و سیستمی هاوسەرۆكیش هەڵدەوەشێنرێتەوە. هەروەها بڕیاریشە ماڵی تاڵەبانی كۆمەڵێك بەڵگەنامە بڵاو بكەنەوە. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەمیدیاكانی نزیك لە ماڵی تاڵەبانییەوە بڵاوكراونەتەوە و "ناس كورد" بینیویەتی ( 2 ئابی 2021) ، گەڕانەوە بۆ پێش ڕووداوەكانی 8 تەمموز نییە، گۆڕانكاریكردنیش ئۆرگانەكانی یەكێتی و شێوازی كاركردنی ئەم حیزبە دەگرێتەوە بەگۆڕینی سیستمی هاوسەرۆكایەتییەوە.

لەم میانەیەشدا "ناس كورد" زانیویەتی هەنگاوەكانی سەرەتا بە گۆڕینی هەندێك لە لێپرسراوی مەڵبەندەكان دەست پێدەكات و لێپێچینەوەش لەهەندێك لە كەسانی نزیك لە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی درێژەی دەبێت بەتایبەت پاش ئەوەی ئەم هاوسەرۆكە هێشتا لە سلێمانی نیشتەجێیە و ژمارەیەك لەكەسە نزیكەكانی لەگەڵدایە بەهیوای دۆزینەوەی دەرچەیەك بۆ كێشەكان، ئەمەش پێچەوانەی خواستی ماڵی تاڵەبانییە كە پێداگرن لەسەر كۆتاییهاتنی یەكجاریی سەرجەم ئەرك و بەرپرسیارێتی و ئامادەیی لە كایەی حیزبی و چوونەدەرەوەی لە كوردستان لە ئێستادا.

 

هەر بەگوێرەی میدیاكانی ماڵی تاڵەبانی، كۆمه‌ڵێك "دۆسییەی گه‌وره‌ و هەستیار" بۆ خه‌ڵكی ئاشكرا ده‌كرێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ كارنامەی كوڕانی شێخ جەنگی لە حیزب و حكومەت بەتایبەت پاش كۆنگرەی كۆتایی 2019.

 

بەدوای ئەمەشدا سۆشیال میدیای سەربە لاهور جەنگی بڵاویكردەوە "هەموو ئەو بڕیارانەی دەرکراون ناشەرعین و قبوڵکراو نین وە جەماوەری یەکێتی دڵنیا دەکەینەوە دەستێکی چەپەڵ هەیە لە پشتی ئەم بڕیارانەوە". 

 

ئێوارەی 8 تەمموزی 2021، بافڵ تاڵەبانی  هاوسەرۆكی یەكێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەرپرسانی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆریان گۆڕی كە یەكەمیان كەسێكی نزیكی لاهور جەنگی و ئەویتریان پۆلاد جەنگی بوو، بەدوای ئەوەشدا بافڵ تاڵەبانی دەستی گرت بەسەر دەزگا میدیایی و حزبییەكانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكەكەیتری یەكێتی و پرۆسەكە بەفەرمی ناونرا "ڕاستكردنەوەی ڕێڕەو".

 

میدیا فەرمی و نیمچە فەرمییەكانیتری یەكێتی و بافڵ تاڵەبانی پێداگرن لەسەر ئەوەی بازنەی دەوروبەری لاهور جەنگی و دووان لە براكانی هۆكاری سەرەكی تەشەنەكردنی قاچاخچێتی و پارە سپیكردنەوە و داگیركردنی زەوی و بەكارهێنانی هێزە ئەمنییەكانیان بوون بۆ مەرامی شەخسی لەژێر دەسەڵاتی یەكێتی، لە بەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ئەوەی بەرامبەری كراوە پیلانگێڕی توركیا و پارتییە و هۆكارەكەشی هاوكاریكردنی بووە بۆ رۆژئاوای كوردستان، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئۆقرەییشدا ڕێڕەوی حزبیی هەڵبژاردووە بۆ چارەسەركردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم بارودۆخە.