ناس کورد-
جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانى عێراق رایگه‌یاند، حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ناردنی سلفه‌ی دووه‌م بۆ هه‌رێم، كه 200 ملیار دیناره، وته‌بێژی حكومه‌تی عێراقیش دەڵێت بۆ مانگه‌كانی داهاتوو هیچ كێشه‌یه‌ك نابێت و پارە ره‌وانه‌ی هه‌ولێر ده‌كرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کەناڵى K24 سەر بە سەرۆکى حکومەتى هەرێم ئەمڕۆ لەزارى بەشیر حەداد جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانى عێراقەوە گواستییەوە، ئه‌مڕۆ حكومه‌تی عێراق ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ناردنی سلفه‌یه‌كی دیكه بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه كه بڕه‌كه‌ی 200 ملیار دیناره.
لاى خۆیەوە حه‌سه‌ن نازم وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق وتى ئه‌م مانگه و مانگه‌كانی داهاتوو، سلفه‌ی هه‌رێمی كوردستان، كه 200 ملیار دیناره ره‌وانه ده‌كرێت و هیچ كێشه‌یه‌ك له ناردنیدا نابێت.
ڕۆژی 11ی تەموزی 2021، یەکەمین بڕە پاره لەمساڵدا لە لایەن حکومەتی عێراقەوە کە بڕی 200 ملیار دینارە خرایه سه‌ر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر.
شیروان میرزا ئەندامى لیژنەى دارایی ئەمڕۆ یەکشەممە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، بەپێی یاساى بودجە دەبێت بەغدا بەردەوام بێت لە ناردنى بەشە بودجەى هەرێم، بەڵام دیار نییە بڕەکەى بۆ مانگەکانى داهاتوو چەند دەبێت.
وتیشى سێ ئەگەر هەیە لەو بارەیەوە، یان ئەوەتا 200 ملیار دەنێردرێت وەک مانگى پێشوو، یان بەشە بودجەى هەرێم بەپێی یاساى بودجە دەنێردرێت دواى بڕیاردان لەسەر وردبینى لە داهاتەکانى هەرێم کە چاودێرى دارایی عێراق کردویەتى.
شیروان میرزا رونیکردەوە، لەگەرى جێبەجێکردنى یاساى بودجە دیارنییە پشکى هەرێم بەتەواوى چەند دەبێت کە دەنێردرێت، چونکە داهاتى خەمڵێنراو نازانرێت چەندە، جگە لەوەش وەزیرى دارایی عێراق دەڵێت هەرێم قەرزار دەبێت.
بەوتەى شیروان میرزا، ئەگەرى سێیەم ئەوەیە حکومەتى عێراق لەژێر فشاردا چیتر پارە بۆ هەرێم نەنێرێت.