گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار و ڕێنمایی نوێ دەردەکات

2021.08.01 - 17:01
App store icon Play store icon Play store icon
لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیار و ڕێنمایی نوێ دەردەکات

ناس کورد-

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنا، بەکارهێنانی ڤاکسین لە هەرێمی کوردستان زیادی کردووە و ڕۆژانە لە پارێزگای دهۆک چوار هەزار کەس ڤاکسین وەردەگرن، وتەبێژی تەندروستیی پارێزگاکەش دەڵێت، ڕێژەی توشبوون بە ڤایرۆسەکە دابەزیوە و ڕۆژی سێشەممەی داهاتووش لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری نوێ دەردەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حەمزە ڕەزیکی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی دهۆک (یەکشەممە 1ی ئابی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەدوای بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و پابەندبوونی هاووڵاتیان ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بەرەو کەمبوونەوە دەچن، پێشتر لە هەشت هەزار پشکنینی ڕۆژانە %20یان توشبووی کۆرۆنا بوون، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ %12."

 

وتیشی، "هەروەها لەم شەپۆلەدا هاووڵاتیان زیاتر ڤاکسین وەردەگرن، لە ڕابردوودا لە دهۆک ڕۆژانە 500 بۆ 600 کەس ڤاکسینیان وەردەگرت، بەڵام ئێستا ڕۆژانە چوار هەزار کەس ڤاکسین وەردەگرن کە ئەوەش ژمارەیەکی دڵخۆشکەرەیە."

 

ڕوونیشیکردەوە، "بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی ڤاکسین و تائێستاش لێمان نەبڕاوە، ئەمڕۆش 512 هەزار ژەمی دیکە گەیشتە عێراق و لەو ژمارەیەش پشکی هەرێمی کوردستان هەیە."

 

دەربارەی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، وتەبێژی تەندروستیی دهۆک ڕایگەیاند، "بڕیارەکانی پێشوو تا ڕۆژی سێشەممەن، بۆیە ڕۆژی سێشەممە لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاری نوێ یاخود هەمان ئەو بڕیارانە درێژدەکرێنەوە."