گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی دەچێتە لای گۆڕان

2021.07.31 - 09:26
App store icon Play store icon Play store icon
ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی دەچێتە لای گۆڕان

ناس کورد-

ئەمڕۆ شاندێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان سەردانی بزوتنەوەى گۆڕان دەکات لە سلێمانی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (31ی تەموزی 2021) دەڵێت، قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان "ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردن تاوتوێ دەکات."

 

دەشڵێت، کۆبوونەوەکە بۆ گفتوگۆکردنە سەبارەت بە چۆنیەتی ئامادەکارییەکانی ھەڵبژاردن و دانانی بەرنامەی ھاوپەیمانی بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق.

 

ڕۆژی 29ی تەموزی 2021، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و بزوتنەوەى گۆڕان قوباد تاڵەبانیان بەسەرۆکى هاوپەیمانێتى نێوانیان بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق دیاریکرد، کە شوێنى لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى پێشووى هاوپەیمانێتییەکە دەگرێتەوە.

 

دیاریکردنى قوباد تاڵەبانى بەسەرۆکى هاوپەیمانى کوردستان، لەکۆبوونەوەى گۆڕان و یەکێتیدا بڕیارى لێدرا کە هەمان ڕۆژ لە سلێمانى بەڕێوەچوو.

 

دواى کۆبوونەوەکە یەکێتى و گۆڕان لە راگەیەنراوێکى هاوبەشدا ڕایانگەیاند، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانکاریی و پێشھاتە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتری خەڵک و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی ھاوڵاتیان".

 

ئاماژە بەوەشکراوە "لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی نوێی ھاوپەیمانی کوردستان پەسەندکرا و ھەردوولا جەختیان لە پشتگیریکردنی ناوبراو و سەرخستنی ھاوپەیمانیەتییەکە کردەوە. لەو چوارچێوەیەدا بڕیاردرا بە کاراکردنی لیژنەکانی هەڵبژاردن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان و چڕکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا".‎

 

پێشتر "ناس کورد" ئاشکرایکرد، ناوی قوباد تاڵەبانی یەکلاییکراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانێتی یەکێتی و گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی چاوەڕوانکراوی تشرینی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیاربوو لاهور شێخ جەنگی سەرۆکایەتی بکات.

 

چەند سەرچاوەیەکی باڵاو ئاگادار لەیەکێتی نیشتمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیان بۆ "ناس کورد" پشتڕاستکردەوە (29 تەمموزی 2021) کە ئەوە یەکلاییکراوەتەوە قوباد تاڵەبانی دەبێتە جێگرەوەی لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لەنێوان یەکێتی و گۆڕان و هەنگاوی کردەییشی بۆ ئەو کارە دەستپێکردووە.

 

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە قوباد تاڵەبانی بەم نزیکانە لەگەڵ گۆڕان کۆدەبێتەوە لەبارەی پلان و ستراتیژی بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەگەرچی دەنگۆ و ئەگەری دواکەوتنی پرۆسەکە لەئارادایە بەڵام کارەکان لە ئێستادا بەجۆرێک بەڕێوەدەچن کە هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 10 تشرینی یەکەمی داهاتووە ئەنجام دەدرێت.

 

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە (20 تەمموزی 2021 کشانەوەی خۆ لە سەرۆکایەتیکردنی هاوپەیمانی کوردستانی ڕاگەیاند و هۆکارەکەشی گێڕایەوە بۆ "ئەم پێشهاتە نوێیانەی ناو یەکێتی"، ئەمەش لەپاش ڕادەستکردنی دەسەڵاتەکانی بە بافڵ تاڵەبانی و دەستگرتن بەسەر دامودەزگا ئەمنی و میدیاییەکانی لە ڕۆژانی پاش 8 تەمموز.

 

ئێوارەی 1 ئایاری 2021 ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێى ماددەى ٢٩ى یاساى حزبە سیاسیەکان و ژمارە ٣٦ى ساڵى ٢٠١٥ و ڕێوشوێنەکانى هاوپەیمانى و یەکگرتن ژمارە ٢ى ساڵى ٢٠٢٠، بە زۆرینەى دەنگ ڕەزامەندی درا لەسەر دامەزراندنى هاوپەیمانێتیەکەى یەکێتى و بزوتنەوەى گۆڕان بە ناونیشانى (هاوپەیمانى کوردستان).