ناس کورد-
ڕاگەیاندنی كۆتاییهاتنی ئەركی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمەریكا لە عێراق و گۆڕانیان بۆ ڕاوێژكار و ڕاهێنەر گروپە چەكدارە شیعەكانی دابەشكردووە بۆ دوو بەرە و بەهۆی پێكنەهاتنیشەوە لەسەر هەڵوێستێكی یەكگرتوو دەمەقاڵە كەوتووەتە نێوانیان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوە سیاسی و ئاگادارە عێراقییەكان بە شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنیان ڕاگەیاندووە (30 تەمموزی 2021) كە ئەنجومەنی هەماهەنگی گروپە چەكدارەكانی شیعە پاش دوو ڕۆژ تاوتوێكردن نەیتوانیوە بگاتە ڕایەكی بنجبڕ لەبارەی ئەنجامی سەردانی كازمی بۆ ئەمەریكا.
ئەم ئەنجومەنە كە لە باڵەكانی سوپای پاسداران پێكدێت بریتییە لە «كتائب حزب الله»، «كتائب سيد الشهداء»، «عصائب أهل الحق»، و«حركة النجباء»، لەگەڵ چەند گروپێكیتر و لەكاتێكدا هەندێكیان پێداگرن لەسەر بەردەوامی هێرشەكان بۆسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا، هەندێكیتریان لەگەڵ هێوركردنەوەی بارودۆخدان و زانیارییەكانی رۆژنامە لەندەنییەكە باس لەوە دەكەن بەم هۆیەوە دەمەقاڵە كەوتووەتە نێوان سەركردە و نوێنەرانی ئەم گروپانە.
تا ئێستا جگە لەهاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبی موقتەدا سەدر و حیزبی شیوعی و زۆربەی هێزە سیاسییەكانی تری عێراق بە شیعە و سوننە و كوردەوە، ستایشی ئەنجامی دیداری كازمی بایدن دەكەن كە بووەهۆی گەڵاڵەكردنی شێوازێكی لە مامەڵەكردن لەگەڵ بارەگا و بنكە ئەمەریكییەكان لەعێراق و گۆرینی ئەركیان بۆ ڕاوێژكاری و مەشقپێكردن و ڕاهێنان.