ناس کورد-
هاوپەیمانێتییەکەى ئەیاد عەلاوى کشانەوەى لەبەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق راگەیاند، چەند سەرچاوەیەكیش دەڵێن گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق پێداگرن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ گوشاركردنەسەر مستەفا كازمی.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وائیل عەبدولەتیف جێگرى سەرۆکى هاوپەیمانى "مینبەرى عێراقى" لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، هاوپەیمانێتییەکەیان بەشدارى هەڵبژاردن ناکات و بایکۆتى دەکەن.
وتیشى "هۆکارى بەشدارینەکردنمان ئەگەرى بەشدارى کەمى خەڵکە لەهەڵبژاردن، ئەوەش وادەکات پەرلەمانى داهاتوو نەتوانێت بەرپرسیارێتى کێشەکان هەڵبگرێت، حکومەتێکى لاوازیش پێکدێت".
وائیل عەبدولەتیف داواى لە کوتلەکانى ناو هاوپەیمانێتییەکە کرد هەمان هەنگاو بگرنەبەر.
لاى خۆیانەوە چەند سەرچاوەیەكی عێراقی بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی چاپی لەندەنیان ڕاگەیاندووە، گروپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق پێداگرن لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن بۆ گوشاركردنەسەر مستەفا كازمی.
ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەكە كە "ناس كورد" بەدواداچوونی بۆكردووە (28 تەمموزی 2021) ئەوە دەخاتەڕوو ئەنجامی دیداری كازمی و بایدن بەدڵی هەندێك لەگروپە چەكدارەكان نییە و بەنیازن بۆ تۆڵەكردنە پەنا بۆ دواخستنی هەڵبژاردن ببەن كە یەكێكە لەئەركە سەرەكییەكانی حكومەتی مستەفا كازمی.
لەمبارەیەشەوە ڕاوێژكارێكی سیاسی باڵا بە رۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن (10 تشرینی یەكەمی 2021) ملكەچی هەندێك گۆڕانكارییە، بەڵام هەموو لایەنەكان وەها مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن لەكاتی خۆیدا بكرێت.
لەپاش بڕیاری سەدر بۆ كشانەوە لە هەڵبژاردن، حیزبی شیوعی عێراقیش بایكۆتی پرۆسەكەی كرد، بەڵام كۆمسیۆن و حكومەت تا ئێستا سوورن لەسەر ئەنجامدانی لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.