گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

16 بڕیار له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێرەوە: بژاردەى دووەم جێبەجێ دەکەین

2021.07.27 - 23:13
App store icon Play store icon Play store icon
16 بڕیار له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی هه‌ولێرەوە: بژاردەى دووەم جێبەجێ دەکەین

ناس کورد-

 

ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر 16 بڕیارى تایبەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا دەرکرد و هۆشداریدەدات لەپەنابردن بۆ بژاردەى دووەم ئەگەر هاوڵاتییان پابەندى بڕیارەکان نەبن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێی راگەیەنراوێکى ژورەکە کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، ئەگەر هاوڵاتییان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەن.

 

دەقى راگەیەنراوەکە:

 

ڕاگه‌یندراوێك له‌ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاى هه‌ولێر

 

ئه‌مشه‌و سێشەمە 2021.7.27، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو سەرجەم ئەندامان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتیى شاره‌كه‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى به‌هۆى هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژ مەترسیەکانی بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان له‌زیادبووندایه‌، گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه:-   

                                                                        ‌

یه‌كه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.

 

دووه‌م/ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ربارودۆخێكى سه‌خترى نه‌خوازراوى زياتربوونى ڕێژه‌ى تووشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ له‌شاره‌كه‌مان و دروستبوونى لۆد و پاڵه‌پستۆ و نه‌مانى شوێن له‌نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى تووشبوان، ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌له‌به‌رچاووگرتنى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ‌به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتىى ته‌ندروستى هه‌ولێرى ڕاسپارد بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كارى ته‌واوبكرێت له‌وانه‌ش دووباره‌ كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى و چه‌ند شوێنيكى ديكه‌ بۆوه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى تووشبوان، ئومێد ده‌كه‌ين هاوڵاتييان پابه‌ندى ڕێنمايى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بن و نه‌گه‌ين به‌م بارودۆخه‌.  

 

سێيه‌م/ پێویسته‌ كارمه‌ندان له‌ شوێنه‌ ئایینی، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه‌ و كافتریاكان، ڤاكسین وه‌ربگرن یان تێستی 72 كاتژمێریان پێ بێت و لێژنه‌كانیش به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت شوێنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ دادخرێت.   

 

چواره‌م/ پێویسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ڤاكسین وه‌ربگرن و به‌ ماسكه‌وه‌ ده‌وام بكه‌ن.      

 

پێنجه‌م/ رێگه‌نادرێت به‌ هیچ گه‌شتیارێك بێته‌ ناو هه‌ولێرى پایته‌خت ئه‌گه‌ر ڤاكسینی وه‌رنه‌گرتبێت، یان تێستی 48 كاتژمێری نه‌بێت.   

 

شه‌شه‌م/ هه‌ر كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری تێستی ساخته‌ی پێ بێت، ئه‌وا كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ لیستی ڕه‌ش و ڕێگه‌ی پێنادرێت بێته‌ ناو شارى هه‌ولێرى پایته‌خت.    

 

حه‌وته‌م/ سه‌پاندنی به‌ستنی ماسك له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومى و شوێنه‌ گشتی و گه‌شتیارییه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ش ده‌بێت، كه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه. 

                  ‌

هه‌شته‌م/ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسێك و چوونه‌ سه‌ر قه‌بران، هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت به‌‌پێی یاسا و پێبژاردن سزا ده‌درێت، به‌ گوێره‌ی دوایین راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.    

    

نۆيه‌م/ مه‌له‌وانگه‌ و شوێنه‌ وه‌رزشییه‌كان كراوه‌ ده‌بن، به‌ مه‌رجی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.   

    

ده‌يه‌م/ هۆڵه‌كانى سینه‌ما له‌گشت شوێن و مۆڵه‌كان به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه.  ‌

 

يازده‌يه‌م/ داخستنى هۆڵه‌كانى بۆنه و ئاهه‌نگێڕان، له‌ ناو هۆتێل و ده‌ره‌وه‌ى هوتێله‌كان.

دوازده‌يه‌م/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت.

 

سێزده‌يه‌م/ شوێنه‌ ئایینییه‌كان به‌ جێبه‌جێردنی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ ده‌بن، هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و داده‌خرێت.  

 

چوارده‌يه‌م/ سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ئه‌و رێكارانه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتیشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.     

پازده‌يه‌م/ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، داوا له‌ میدیاكان ده‌كات به‌شداربن له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتییان.  

 

شازده‌يه‌م/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 27 له‌سه‌ر 28ى 7ی 2021 بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت، تاوه‌كو كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه‌ی باڵاى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ رۆژی 3/ 8/2021.   

 

ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر

2021.7.27