گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پارەکەى هەرێم

لێدوانی لیژنەی دارایی لەبارەى بەردەوامی ناردنی 200 ملیارەکە بۆ هەرێم

2021.07.27 - 21:59
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی لیژنەی دارایی لەبارەى بەردەوامی ناردنی 200 ملیارەکە بۆ هەرێم

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان نییە لەبارەی میکانیزمی ناردنی 200 ملیارەکەى حکومەتی عێراق بۆ هەرێم بۆیە "نازانین ناردنی ئەو پارەیە بەردەوام دەبێت یاخود نا." 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد سافار، بڕیاردەری لیژنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ناس کورد (27ی تەموزی 2021) ئاشکرای کرد، "ئێمە وەک لیژنەی دارایی ئاگاداری وردەکاریی ناردنی ئەو پارەیە نین بۆ هەرێمی کوردستان،" بابەتەکە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێم بڕێنراوەتەوە و "هیچ پەیوەندی بە بڕگەی 11ی یاسای بودجەوە نییە کە تایبەتە بە شایستە داراییەکانی هەرێم."

 

وتیشی، "ئەو پارەیە وەک سولفەیەک وایە بۆ هەرێم، بۆیە ئێمە نازانین ئایا حکومەتی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی یاخود نا."

 

لەبارەى ئەوەى لیژنەکەیان داوای ڕوونکردنەوەیان لە حکومەت نەکردووە لەو بارەیەوە، ئەحمەد سافار وت، "لیژنەی دارایی داوای ڕوونکردنەوەیان کردووە و بانگهێشتی عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراقیان کردووە لەو بارەیەوە، بەڵام ئەم ماوەیە بەهۆی ئەوەى دانیشتنی پەرلەمان نەکراوە، ئەو پرسەش دواکەوتووە."

 

ڕۆژی 11ی تەموزی 2021، وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە بەغدا 200 ملیار دینارەکەى خستووەتەسەر هەژماری وەزارەتەکە.

 

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا وتی، "لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، یەکەمین بڕە پاره‌ لە لایەن حکومەتی فیدراڵی عێراق کە بڕی 200 ملیار دینارە خرایه‌ سه‌ر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەولێر."