گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی

ئایا ڤاکسینەکان کاریگەرییان بەرامبەر زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا هەیە؟

2021.07.26 - 22:52
App store icon Play store icon Play store icon
ئایا ڤاکسینەکان کاریگەرییان بەرامبەر زنجیرەی گۆڕاوی دەلتا هەیە؟

ناس کورد-
پسپۆڕێکى ڕاوێژکاریی نەخۆشیەکانى هەناوى ئاشکراى دەکات، ڤاکسین کاریگەرى بەرچاوى هەیە بە مەرجێک هەموو بڕە ژەمەکان وەربگیرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عارف گۆران، پزیشکى نەخۆشیەکانى هەناوى دووشەممە (26ى تەموزى 2021) لە بڵاوکراوەیەکدا کە "ناس کورد" بینیویەتى دەڵێت، "پێنج مانگ پێش ئێستا بڵاومکردەوە دواى وەرگرتنى ڤاکسین مردن بە هۆى کرۆناوە دەبێتە دیاردەیەکى دەگمەن".

وەڵامى ئەو پرسیارەش دەداتەوە کە "ئایا ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەى گۆڕاوى دەلتا هەیە یاخود نا و بە چەند خاڵێک ڕوونی دەکاتەوە؛

1- بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە ھیچ ڤاکسێنێک سەد لە سەد نەخۆش ناپارێزێت، ڕاستە سێ ھەفتە دوای وەرگرتنی بڕەژەمی یەکەمی ڤاکسین لەشی مرۆڤ دەست بە درووستکردنی بەرگری دەکات، بەڵام دەبێت ئەوە بووترێت کە بەرگری تەواو دوای دوو ھەفتە لە بڕەژەمی دووەمی ڤاکسین درووست دەبێت . لە بەریتانیا تێبینی کراوە ژمارەی تووشبوان بە جۆری دەلتا لە نێو ئەو كەسانەی تەنیا یەك ژەم ڤاكسینیان وەرگرتووە زۆر زیاتر بووە بە بەراورد بەوانەی هەردوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە.
لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کاریگەری ڤاکسینەکان دوای بڕەژەمی یەکەم بەرامبەر بە زنجیرەی دەلتا وەكو پێویست نیە، ھەر بۆیە زۆر گرنگە ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکان وەربگیرێت، دەکرێت ژەمی دووەم دوای سێ ھەفتە لە وەرگرتنی ژەمی یەكەم وەربگیرێت، ئەگەرکەمێک دواش بكەوێت زیانی نیە، بە مەرجێک لە سئ مانگ زیاتر نەبێت. بەشێک لە ڵێکۆڵینەوەکان وا دەردەخەن ئەگەر بڕەژەمی دووەم ھەشت ھەفتە دوای بڕەژەمی یەکەم بدرێت بۆی ھەیە کاریەگەری باشتری ھەبێت و بڕێکی زیاتر لە بەرگری درووست بکات.

2- .لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە ڤاکسینەکان کاریگەریان بەرامبەر زنجیرەی دەلتا هەیە، بەلام بە ڕێژەیەکی کەمتر بە بەراوردکردن لەگەڵ زنجیرە کۆنەکانی کۆرۆنا، بۆی ھەیە ڕێژەی کاریگەری ڤاکسینەکان بەرامبەر دەلتا لە ڤاکسینێکەوە بۆ ڤاکسینکێکی تر بگۆڕێت ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڤاکسینەکان بە ڕێژەی 66—88٪‏ خەڵکی دەپارێزن لە تووشبوون بەو زنجیرە نوێیەی کۆرۆنا. لە بەریتانیا زۆربەی ھەرەزۆری ئەو کەسانەی تووشی زنجیرەی دەلتا بوون لە ڕیزی (گەنجەکان ومنداڵانن) واتە ئەوانەی ڤاکسینیان وەرنەگرتووە ، هاوكات ژمارەیەکی بەرچاو لەوکەسانە بوون کە تەنھا یەک بڕەژەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە.

3- ڕێژەی تووشبوون بە زنجیرەی دەلتا لەو کەسانەی ھەردوو بڕەژمەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر کەمە ، بەڵام لەوەش گرنگتر لە ئەگەری تووشبوونیش ئەوانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە زۆر ناڕەحەت نابن ، ڕێژەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت یەکجار کەمە . ھەر لەبەر ئەو ھۆیانەیە لە ووڵاتێکی وەک بەریتانیا لە کاتێکدا ژمارەی تووشبوون لە ھەڵکشانە ژیان تەواو ئاسایی بۆتەوە، چونكە نزیکەی 70٪‏ ی خەڵکی بەریتانیا ھەردوو بڕەژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە . واتە ڤاکسینەکان تاکە ھۆکارن بۆ ئاسایی بوونەوەی ژیان و کەمبوونەوەی مردن بە ھۆی کۆرۆناوە.

4- پێنج مانگ پێش ئێستا لە نووسینێكمدا ئاماژەم بەوە كرد، کە مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دوای وەرگرتنی ڤاکسین دەبێت بە دیاردەیەکی دەگمەن . ھەفتەی ڕابردوو لێکۆلینەوەیەکی گەورە لە ئەمریکا بلاوکراوەتەوە، كە لە کۆی ھەژدە ھەزار مردن بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمتر لە1٪‏ لەو نێو ئەو کەسانەدا بووە، کە ھەردوو ژەمی ڤاکسینەکانیان وەرگرتووە ، بە واتایەکی تر بە گوێرەی ئەو ئامارانەی کە تاکوو ئێستا لەبەردەستە ڤاکسینەکان بە ڕێژەی 99٪‏ خەڵک لە مردن بە ھۆی کۆرۆنا دەپارێزێت .

ڕوونیشکردوەتەوە، "ئاگادارم ڤاکسینەکان وەک پێویست لەبەردەست نین ، بەڵام لە چەند ھەفتەو مانگی داھاتوو بڕێکی زیاتر دەگاتە عێراق و کوردستان. جێگای داخە خەڵکانێکی زۆر لە ڤاكسینەكە دەترسن، ئەو دیاردەیە لە هەموو جیهان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا نزیکەی چوار بلیۆن بڕەژەمی ڤاکسینەکان لە جیھان بەکار ھاتووە و ئەو کەسانەی کێشەیان بۆ درووست بووە بە ھۆی بەکارھێنانی ڤاکسین ژمارەیان یەکجار کەمە .لە عێراق وەک بەشێکی وولاتە ھەژارەکان کەمتر لە ٣٪‏ دانیشتووان ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەمەش بڕیكی زۆر كەمەو بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە ھۆی بەردەوامبوون و زیادبوونی کۆرۆنا".