ناس کورد-
بەرێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى زاخۆ رایگەیاند، ڕووداوى گیانلەدەستدانى کچێک کە دەوترێت لەکاتى سناپکردندا گولە لەدەستى دەرچووە و بەهۆیەوە گیانى لەدەستداوە کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەى کچێکى دانیشتووى زاخۆ بەناوى نەدا سندی تەمەن 20 ساڵ بەشێوەیەکى بەربڵاو دەستاودەستى پێکرا کە گوایە لەکاتی سناپکردن گولـلەیەک لە دەستی دەرچووە و دوای ئەوەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.
ڕائید نەشئەت سەلمان، بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى پۆلیسى زاخۆ ئەمڕۆ دووشەممە (26ی تەموزی 2021) بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، ڕووداوى برینداربوونى ئەو کچە بەفیشەک دەگەڕێتەوە بۆ مانگێک لەمەوبەر، کە دواى مانەوەى بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانە گیانى لەدەستداوە.
وتیشى، "ئەو دۆسیەیە نەهاتووەتە لاى پۆلیس تا بزانین چۆن بریندار بووە، بەڵام ئەوەندە دەزانین کە بریندارى فیشەک بووە".
نەشئەت سەلمان باسى لەوەشکرد، ئەو کچە دواى برینداربوونى لە نەخۆشخانە نەشتەگەریی بۆ کراوە و سەرکەوتوو بووە، دواتر بەهۆى لێکەوتەکانى دواى نەشتەرگەییەکە گیانى لەدەستداوە.