ناس کورد-
لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو زۆرترین ژمارەی توشبووی کۆرۆنا تۆمارکرا و وەزیری تەندروستی دەڵێت، دۆخەکە خراپە، دەشڵێت، سبەینێ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار و ڕێنمایی نوێ دەردەکرێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان (دووشەممە 26ی تەموزی 2021) لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " تەنها لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا 3559 کەس تووشی کۆرۆنا بوون کە لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە تا ئێستا ئەو ژمارەیە تۆمار نەکراوە."
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە مانای ئەوەیە کە دۆخەکە خراپە و پێدەچێت لە ماوەی داهاتوودا ژمارەکان زیاتریش بن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "ئەوەی پێویستە لەسەر هاووڵاتیان زیاتر پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و تێکەڵاوییە کۆمەڵایەتییەکان کەم بکرێنەوە، هەروەها هەرکەس نیشانەکانی هەبوو پشکنین بکات و خۆی دوور بخاتەوە."
وەزیری تەندروستیی هەرێم باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستیی کۆدەبێتەوە و ژمارەیەک ڕاسپاردە و پێشنیاز ئامادە دەکات و سبەینێ لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و ئەو پێشنیازانەیان دەخەنە بەردەم.