ناس کورد-
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەی ئەمجومەنی وەزیران لەبارەی لیبڕینی موچە دەکرێت و ڕەنگە هەواڵی خۆش ببیستن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (یەکشەممە 25ی تەموزی 2021) ڕایگەیاند، "زۆر گرنگە هەرێمی کوردستان یاسای بودجەی هەبێت بۆ چاودێریکردنی داهات و خەرجییەکان، بەڵام با واقعی بین، کاتێکی زۆر تێپەڕیوە و ئەگەر یاسای بودجەش پەسەند بکرێت، تا مانگی نۆی دەوێت بۆ جێبەجێکردنی."
وتیشی، "بۆیە پێموایە پێویستە حکومەتی هەرێم ئامادەکاریی بکات بۆ ئامادەکردنی یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو و بۆ ئەمساڵی بەیانێکی دارایی دەربکات."
لەبارەی لابردنی لێبڕینی موچەوە، هێمن هەورامی ئاماژەی بەوەکرد، "هەموو هەوڵەکانی پەرلەمان و حکومەتیش بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچەیە و لەم هەفتەیەدا ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و هەواڵی خۆش دەبیستن."
ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر ئەو پرسە کۆببێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕانەگەیەنراو کۆبوونەوەکە دواخرا.