گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ڕێککەوتنێکی دوو وەزارەتی هەرێم و بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

2021.07.24 - 23:20
App store icon Play store icon Play store icon
ڕێککەوتنێکی دوو وەزارەتی هەرێم و بەغدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕێککەوتن لەنێوان ئەوان و وەزارەتی کشتوکاڵیی عێراقدا واژۆ کراوە بۆ ئەوەی لەڕۆژانی داهاتوودا بەرهەمە پەلەوەرییەکانی هەرێم لە بازارەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراقدا ساغ بکرێنەوە و چیتر رێگریی لێنەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

حسێن حەمە کەریم، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ( 24ی تەموزی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ" ناس کورد" ڕایگەیاند، "لەمیانەی سەردانەکەی وەزیری کشتوکاڵی عێراق و شاندی یاوەری بۆ هەرێم، ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو وەزارەتدا واژۆ کراوە بەمەبەستی ڕێگەدان بە ساغکردنەوەی بەروبوومی پەلەوەریی هەرێم لەشارەکانی ناوەڕاست و باشوردا".

 

وتیشی، "ڕێککەوتنەکە پێویستبوو چەند ڕۆژێک لەدوای واژۆکردنی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام بەهۆکاری نادیار و بەیانووی جیاوازەوە دواکەوت".

 

وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم ئەوەشی وت، "پرۆژە پەلەوەرییەکانی هەرێم توانای ئەوەیان هەیە پێدوایستیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان دابین بکەن و بەشێکی دیکەشی ڕەوانەی شارەکانی عێراق بکەن".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، " لەماوەی ڕابردوودا خاوەن پرۆژەکان بەهۆی گرفتە سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەیاتوانیوە بەروبوومەکانیان ڕەوانەی عێراق بکەن، بۆیە هەموو توانای پرۆژەکانیان نەخستووەتەگەڕ، بەڵام دوای ئەو ڕێککەوتنە دەتوانن ئەو کارە بکەن".

 

حسێن حەمە کەریم ئەوەشی خستەڕوو،" لەڕێگەی ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەرییەوە هەموو خاوەن پرۆژەکان کە تێێدا ئەندامن ئاگاداری بڕیارەکانن و خۆیان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کردووە".

 

لێدوانەکەی وتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵیی هەرێم لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ( شەممە 24ی تەموزی 2021) حەمید نایف، وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی فیدراڵی ڕایگەیاند، "بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستی هاوڵاتیانی عێراق لە بەربوومە پەلەوەرییەکان و هێلکە و ڕێگری کردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکانیان بۆ لەمەودوا پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەبەن و لەباریەوە هەماهەنگی تەواویان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵیی هەرێمدا کردووە".

 

وتیشی، "ئەو هەنگاوە لەپێناوە ئەوەدایە کە عێراق پەنا نەبات بۆ هاوردەکردنی ئەو بەروبووەمە لەدەرەوەی وڵات وپ اڵپشت بێت بە بەروبوومی ناوخۆیی خۆی".