ناس کورد-
لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا پێنج ڕێکار و بڕیاری نوێی بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو پەتایە ڕاگەیاند و دەڵێت، پێویستە هەموو چالاکییەکی سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا ڕابگیرێن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە نوسراوێکی لیژنە باڵاکەدا کە بۆ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی نێردراوە هاتووە، ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای سلێمانیدا لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و بەئامادەبوونی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کۆبووەوە.
دەشڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی نوێی کۆرۆنا لە پارێزگای سلێمانیدا هەڵسەنگێنراو لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەری خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانییەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست خرانە ڕوو، کە لە هەموویاندا ئاماژە بۆ مەترسیی بڵاوبوونەوەی زۆرو خێرای پەتای کۆرۆنا دەکەن، لە کۆتاییدا بڕیاردرا بە:
١- پێویستە هاووڵاتیان پابەندی تەواوی ڕێکارو ڕێنماییە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن، بەتایبەتی بەکارهێنانی ماسک و پاراستنی دووریی نێوانیان و دوورکەوتنەوە لە هەر بەریەککەوتن و کۆڕو کۆبوونەوەو قەرەباڵغییەک.
٢- پێویستە هاووڵاتیان ڤاکسینی پێویست وەربگرن وەک ڕێگایەکی پەسەندکراوی نێودەوڵەتیی بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکەو دوورخستنەوەی مەترسیی مردن لە تووشبووانی کۆرۆنا.
٣- پێویستە هەموو کارمەندانی فەرمانگە دەوڵەتیەکان و کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پابەندی تەواوی ڕێکارە تەندروستی و خۆپارێزییەکان بن و ڕێگا بە هیچ هاووڵاتییەک نادرێت بەبێ پابەندبوون بەم ڕێکارانەوە سەردانی ئەم دامودەزگایانە بکات.
٤- پێویستە هەموو چالاکییە سیاسی و ئەدەبیی و هونەریی و ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتی، کە دەبنە مایەی تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن تا تێپەڕاندنی شەپۆلی نوێی کۆرۆنا، ڕابگیرێن.
٥- پێویستە دەزگاکان و دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن وەک هەمیشە هاوکارو هەماهەنگ بن لە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان بۆ پابەندبوون بە خۆپارێزیی و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژ بە پەتای کۆرۆنا.
٦- پارێزگای سلێمانی هاوکارو هەماهەنگیی تەواوی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی پارێزگای سلێمانی دەبێت بۆ زیادکردنی ژمارەی ئەوکەسانەی لە ڕۆژێکدا ڤاکسین وەردەگرن بۆ ڕێژەیەکی گونجاو.