گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەرجەکانی چین؟

هاتنەوەى سەدر بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن چاوەڕوانکراوە ’’بەڵام مەرجی هەیە’’

2021.07.24 - 10:00
App store icon Play store icon Play store icon
هاتنەوەى سەدر بۆ کێبرکێی هەڵبژاردن چاوەڕوانکراوە ’’بەڵام مەرجی هەیە’’

ناس کورد-

دواى تێپەڕبوونى هەفتەیەک بەسەر بڕیارەکەى موقتەدا سەدر بە بایکۆتکردنى هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق و بڕیارى کۆمسیۆن لەبارەى نەمانى کاتى کشانەوە، هەوڵى نێوخۆى و دەرەکى بۆ پاشگەزبوونەوەى سەدر لە بڕیارەکەى چڕبووەتەوە، بەپێى سەرچاوە ئاگادارەکانیش لە ئەگەرى گەڕانەوەى سەدردا بۆ بەشدارى لە پڕۆسەکە چەند مەرجێکى دەبێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوو سەرچاوەى ئاگادارى سیاسى عێراقى لە شارى نەجەف و بەغداوە بە ڕۆژنامەی (العربي الجديد)ـیان ڕاگەیاندووە، پەیوەندى بەردەوام لەنێوان موقتەدا سەدر و لایەنە سیاسیە جیاوازەکانى عێراقدا بەردەوامە سەرباری ئەوەى بە سەردانێکى تایبەت ڕۆژى دووشەممەى ڕابردووەوە چووەتە لوبنان، لە پەیوەندییەکاندا تاوتوێ بڕیارەکەى ئەمدواییەى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى دەستەى سیاسى ڕەوتى سەدریشەوە کراوە.

 

یەکێک لە سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەکەی ڕوونکردووەتەوە، وەڵامى ئەو پەیوەندیانەى بۆ پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکەى بە بەڵێ یاخود نەخێر نەداوەتەوە.

 


لەبارەى ئەو کەسانەى کە پەیوەندى بەسەدرەوە دەکەن سەرچاوەکە وتووشیەتى، "ئەوانە چەندین کەسایەتى کاریگەرى ناعێراقیشیان تێدایە و فشارى لێ دەکەن بۆ ئەوەى لە بڕیارەکەى بکشێتەوە و لە لوبنانیش ئەو پرسەى لەگەڵدا تاوتوێ دەکرێت."

 

سەرچاوەکە باسى لەوەش کرد، پێدەچێت موقتەدا سەدر لەژێر ئەو فشارانەدا بڕیارى گەڕانەوە بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکانى داهاتوو بەڵام ئەوەش بە مەرج دەبێت کە گرێدراوى چەند پرسێکە لەوانە ڕێکخستنەوەى پڕۆسەى هەڵبژاردنەکان و دوورخستنەوەى گروپە چەکدارەکان بۆ ئەوەى کاریگەرى نەکەنە سەر کۆى پڕۆسەکە و هەروەها کۆتایهاتنى پشکپشکێنە لەپێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتتدا.

 


ڕۆژی 5ی تەموزی 2021، لەمیانەى وتارێکی ڤیدیۆییدا، موقتەدا سەدر، ڕابەرى ڕەوتی سەدر کشانەوەى خۆى لەپڕۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەختە و کابینەکەى کازمى ڕاگەیاند و وتیشى، "ئەوەى ئێستا لە عێراقدا ڕوودەدات دەکەوێتە چوارچێوەى پلانێکى شەیتانیی نێودەوڵەتیەوە".


سەرچاوەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێز و لایەنە سیاسیەکان تەنانەت ئەوانەشى کە لەناوچەکانى باشوور و ناوەڕاست کێ بەرکێ لەگەڵ سەدردا دەکەن ئارەزووى گەڕانەوەى بۆ بەشدارى لە هەڵبژاردنەکە دەکەن بۆ ئەوەى وەکو هێزێکى ئۆپۆزسیۆن بۆ چوار ساڵى داهاتوو بمێنێتەوە.

 

هاوکات بەرپرسێکى ترى ئاگادارى بەماڵپەڕەکەى ڕاگەیاندووە، هەڵوێستى عەلى سیستانى مەرجەعى شیعەکان لەنەجەف ئەوەیە، بەڕێکردنى هەڵبژاردنێکى پاک و بێ ساختەیە کە عێراقییەکان لێ ڕەزامەندبن و بەشدارى زۆرى تێدا بکەن.

 

سەرچاوەکە دەشڵێت، لە ئایندەیەکى نزیکدا گۆڕانکارى لە هەڵوێستى موقتەدا سەدر لەبارەى بڕیارى بایکۆتى هەڵبژاردنەکەوە دێتە ئاراوە.

 

لەلایەکى ترەوە، ڕەعد مەکسوسى پەرلەمانتارى لە هاوپەیمانى سائیرونى سەر بەسەدرییەکانى عێراق بە (العربي الجديد)ى ڕاگەیاندووە، هەموو کاندیدەکانى سەر بەسەدر کشاونەتەوە و ژینگەکە بۆ بەڕێکردنى هەر هەڵبژاردنێک لەبار نییە و هاوپەیمانێتیەکەشیان چاوەڕوانى ڕاوبۆچونى سەدر و هەرچى لەوەوە دەربچێت وەکو دوا بۆچون ئەوا بڕیارى داهاتووى ئەوانە.


لاى خۆشیەوە باسم خەشان، پەرلەمانتارى عێراق بەماڵپەڕەکەى ڕاگەیاندووە، کشانەوەکەى سەدر کاتییە و پرسى گەڕانەوەشى یەکلایى دەکرێتەوە،  ئەو بڕیارەشى بەشێکە لە بانگەشەى لیستەکەى و دەیەوێت بەو ڕێگەیە پڕۆسەکە چالاک بکاتەوە و چەند لایەنێکى ناوخۆى و دەرەکیش هاتونەتە سەر خەت بۆ پاشگەزبوونەوەى لەبڕیارەکەى.


بەوتەى خەشان، هەندێک لایەنە دەیانەوێت هاوکێشەى پشکپشکێنەى حزبى و سیاسى بگەڕێننەوە لەدابەشکردنى پۆستەکانى دەوڵەت و پێکهێنانى کابینەى نوێدا لەسەر بنەماى ئەوە بۆ تۆ و ئەمەش بۆ من، ئەوەش جێى داخە.


لەبارەى سەرکەوتنى هەوڵەکان بۆ پاشگەزبوونەوەى موقتەدا سەدر لەبڕیارەکەى، ئەحمەد شەریفى شارەزا لەکارووبارى سیاسى عێڕاق بەماڵپەڕەکەى وتووە، بڕیارەکەى سەدر مانۆڕێکى سیاسیە بۆ ئەوەى ئاستى بەشدارى خەڵک لە هەڵبژاردنەکە و پشتیوانیەکانى بزانێت و بڕیارى گەڕانەوەشى کاریگەرى خۆى دادەنێت بەڵام هەندێک لایەنە ئەوە دەقۆزنەوە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکە و دووریش نیە لەئایندەیەکى نزیکیشدا چەند لایەن و کەسایەتیەکى تریش بکشێنەوە.