ناس کورد-
دژەتیرۆری سەربە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ھێزی دژەتیرۆر دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتییەوە نیە و نەبوو دەشڵێت، چەند پەیجێکی سێبەر بوختانیان بۆ دەکەن
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دەقی ڕاگەیەنراوەکە:
لای ھەمووان ڕوونە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر ھێزێکی تایبەت و مەشق پێکراو بە دسپلینی سەربازیی نیشتیمانییە ، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری بینیوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرکەوتن بەسەر تیرۆرستانی داعش و بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە ھەرێمی کوردستان .
بەداخەوە لە چەند رۆژی ڕابردوو ، چەندین پەیج و ئەکاونتی سێبەر و بێخاوەن و بەکرێگیراو ، ھێرشی ناڕەواو بێبنەما دەکەنە سەر ھێزەکەمان و بە ئەجێنداو مەرامی تایبەتی بوختانمان بۆ ھەڵدەبەستن.
ئێمە لێرەدا بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی ڕوون دەکەینەوە، ھێزی دژەتیرۆر دوورو نزیک پەیوەندی بەھیچ کارێکی نایاسایی و قاچاخچێتی و سەرانەوەرگرتن و داگیرکردنی زەوی و موڵکی گشتی یەوە نیەو نەبووە ، بەڵکو راستییەکە ئەوەیە ھەندێ کەسی نابەرپرس لەدەرەوەی ویستی ئێمە و بەخواستی چەند کەسێکی یاساشکێن و دوور لە دەسەڵاتی ئێمە ناو ناوبانگی ئەم دەزگایەی بەکارھێناوە بۆ کاری نایاسایی و دەست درێژکردن بۆ سەر بەرژەوەندی گشتی کە بەڕەسمی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر نەبوون، چەند کەسێکیش کە تێوەگلابوون بەم کارە نایاساییانە بەرەسمی دەرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە و چیتر رێگەش نادرێت کەسانێکی بەرژەوەندی خواست بۆ مەرامی تایبەتی دەست لەکاروباری دژەتیرۆرەوە وەربدات .
بۆ ھەموولایەکی ڕووندەکەینەوە دژەتیرۆر وەک ھەمیشە
لە سەنگەری خەڵک، سەروەری یاسا، ئارامی و ئاسایش و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و شکۆی ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەرکی سەرەکیمان رووبەڕووبوونەوەی ھەر پیلانێکە کە بیەوێت ئارامی لە خەڵک تێکبدات ئاشکراشیدەکەین ھێزی دژەتیرۆر ھێزی خەڵک و ھەموو رەنگ و بۆچوونە جیاوازەکانە و بەگڕوتینێکی نوێ و بە بەھێزترەوە لە ڕابردوو، پشتیوان بەخوای گەورەو بە ھاوکاری ھەمووان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ لە ئەرکداین بۆ پاراستنی کوردستانەکەمان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی یاساشکێنان و ھەڵھاتوان لە یاسا .
بەڕێوبەرایەتی دژەتیرۆری کوردستان