گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وەزارەتى شەهیدانی هەرێم نامێنێت و دەبێتە دەستە، موچەى شەهیدانیش دەخرێتە سەر عێراق

2019.06.22 - 18:57
 وەزارەتى شەهیدانی هەرێم نامێنێت و دەبێتە دەستە، موچەى شەهیدانیش دەخرێتە سەر عێراق
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح لە بەدواداچوونێکى ناس کورددا دەرکەوتووە، وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى هەرێم نامێنێت و موچە و شایستە داراییەکانی سەرجەم شەهیدان و ئەنفالکراوانیش دەخرێتە سەر حکومەتی عێراق. لە کابینەى نۆیەمی حکومەتى هەرێمدا، پارتی لە پشکی خۆی، وەزارەتى شەهیدانی و ئەنفالکراوانی داوە بە حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان. . هەدار زوبێر عەبدوڵا، جێگری سەرۆکى لیژنەى شەهیدانی پەرلەمانی عێراق بە ناس کوردی وت، "کاری لیژنە هاوبەشەکەی نێوان هەرێم و بەغدا کۆتایی هاتووە کە پێش 10 مانگ دروستکرابوو، لێژنەکە چەند ڕاسپاردەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق  کردووە بەوەى وەزارەتێکى فیدڕاڵی تایبەت بە شەهیدان لە هەموو عێراق و کوردستان هەبێت." . هەدار زوبێر وتیشی، "ئەگەر ئەو وەزارەتە دروستبکرێت ئەوە موچە و شایستە داراییەکانى شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم هاوتا دەبێت لەگەڵ شەهیدانی عێراق و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەدرێت." سەبارەت بە هەڵوێستى حکومەتى هەرێم لە چارەنوسی وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەدار زوبێر ئاماژەى بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێم خۆی بەشێکە لە پرۆژەکە و ڕەزامەندیشی لەسەر هەنگاوەکان دەربڕیەوە، وەزارەتی شەهیدانی حکومەتی هەرێمش هەڵناوەشێتەوە بەڵکو ناوەکەی لە وەزارەتەوە دەگۆڕدرێت بۆ دەستە و دەبێت یاساکانی هەموار بکرێتەوە وەک یاساکانی حکومەتی عێراقی لێبکرێت." . دەرباری وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، هەدار زوبیر بە ناس کوردی وت: "ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لیژنەکە لەگەڵ وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی کۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی ڕاسپاردەکان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکرێت، ئەنجومەنی وەزیرانیش ڕاسپاردەکان گەڵاڵە بکات بۆ ئەوەی بیکات بە پرۆژە یاسا و پێشکەش بە پەرلەمانی عێراقی بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا ئەو پرۆژەیە بگاتە ئامانج."