گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

بەهۆی زۆری توشبوون تەندروستیی سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تری کۆرۆنا دەکاتەوە

2021.07.21 - 22:05
App store icon Play store icon Play store icon
بەهۆی زۆری توشبوون تەندروستیی سلێمانی نەخۆشخانەیەکی تری کۆرۆنا دەکاتەوە

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای بەرزبوونەوەى ڕێژەی توشبووانی کۆرۆنا، لە چەند کاتژمێری داهاتوو نەخۆشخانەیەکی دیکەی تایبەت بە چارەسەری توشبووانی کۆرۆنا دەکرێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

 

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا (21ی تەموزی 2021) دەڵێت، دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەئیستادا ئامادەکاری دەکرێت بۆکردنەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بۆ توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  و تایبەت دەکرێت بۆ چارەسەری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

دەشڵێت، "ئەمەش دوای ئەوەدێت کە ڕێژەیەکی زۆری تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە سنوری پارێزگای سلێمانی زیادی کردووە.


داواش "لە هاوڵاتیان دەکەین پابەندبن بە ڕێنماییەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکەن."

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، کۆرۆنای جۆری دەلتا لە سلێمانی لە تەشەنەکردنێکی خێرادایە و لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا هەشت تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە.

 

هۆشدارییەکی سەباح هەورامی کە ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ی تەموزی 2021، بڵاویکردووەتەوە دوای سێ ڕۆژ دێت لە ڕاگەیاندنی تۆمارکردنی چەند حاڵەتێکی جۆرە نوێیە کۆرۆنا لە هەرێم.

 

دواجار تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان بوونى توشبووى نەوەى هیندى ڤایرۆسى کۆرۆنا "دەلتا"ـیان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکرد، بەوەش هەرێم چووە قۆناغى ڕووبەڕبوونەوەى ئەو نەوەیەوە کە بە تایبەتمەندى خێرایی و توندى ناسراوە.

 

"دەلتا" کە لە نەوە هیندییەکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ناونراوە و بەوە ناسراوە کە خێرا بڵاودەبێتەوە و لە نەوەکانى پێشوو توندترە، زیاتر لە هەفتەیەک بوو بەرپرسانى تەندروستیی هەرێمى سەرقاڵ کردبوو بەخۆیەوە، دواى تۆمارکردنى چەند حاڵەتێکى گوماناوى توشبوون بەو نەوە نوێیە.

 

چەند تیمێک لە هەرێمى کوردستان ڕاسپێردرابوون بۆ پشکنینى حاڵەتە گوماناوییەکان، دواى ئەوەى کیتى تایبەت بەدیاریکردنى ئەو نەوە نوێیە گەیشتە هەرێم، کە چەند تیمێکیان لە سلێمانین.

 

بەرپرسى یەکێک لەو تیمە تایبەتمەندانەى کە بە درێژایی ڕۆژ لە تاقیگەى پشکنینى کۆرۆنا لە نەخۆشخانەى تاهیر عەلى والى بەگ لە سلێمانى سەرقاڵى جیاکردنەوەى توشبوون بە دەلتا و جۆرەکانى دیکەن، زانیارى نوێ لەبارەى ئەو نەوە نوێیە و بڵاوبوونەوەى لە هەرێم ئاشکرا دەکات.

 

د.زانا حەمید، سەرپەرشتیارى تیمى پشکنینى کۆرۆنا لە تاقیگەى تاهیر والى عەلى بەگ لە سلێمانى بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، تیمەکەیان پرۆسەى جیاکردنەوەى توشبووانى دەلتاى لە جۆرە جیاوازەکانى تر ئەجامداوە بۆ ئەوەى رێژەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە دەربکەوێت.

 

تیمەکە لەچەند ڕۆژێکدا پشکنینیان بۆ 60 نمونەى توشبووانى کۆرۆنا کرد بۆ ئەوەى بۆیان دەربکەوێت کە چەندیان توشبووى دەلتان کە بە نەوە مەترسیدارەکەى کۆرۆنا ناسراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى تەندروستیی سلێمانى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەئێستادا لەلایەن تیمی پشکنینی کۆرۆنا لە سەنتەری دەستنیشانکردنی کۆرۆنای گۆڕاو ئەو جۆرە نوێیە تۆمارکراوە.

 

ڕۆژی یەکشەممەى ڕابردوو وەزیری تەندروستیی هەرێم زەنگی مەترسیی لێدا و ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار توشبووی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، چەندین حاڵەتی کۆرۆنای دەلتاش تۆمارکراوە.

 

بەوتەى پسپۆڕانى بوارى پەتاناسى، کۆرۆنا و ڤایرۆسەکانى دیکە لەشێوەى شەپۆلدا بڵاودەبنەوە بەشێوەى شەپۆلى هەشت هەفتەیی بۆ 12 هەفتەیی و 14 هەفتەیی، بەڵام هێشتا دیار نییە شەپۆلەکەى ئیستا لەچى قۆناغێکدایە.

 

"گومانمان هەیە لەسەرەتاى شەپۆلێکى نوێدا بین، بەهۆى بڵاوبوونەوەى دەلتاوە"، د.زانا وایوت.

 

توندیی و خێرایی بڵاوبوونەوە دیارترین دوو تایبەتمەندى کۆرۆناى گۆڕاو "دەلتا"یە، کە د.زانا جەختى لێکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتى کە ڕێژەى مردن پەیوەستە بە ژمارەى توشبووانەوە کە تا بەرزبێت ئەگەرى زیادبوونى هەیە.

 

هاتنى جەژنى قوربان و تێکەڵاوبوونى خەڵکى، ترسی لەلاى پزیشکان و بەرپرسانى تەندروستى دروستکردووە کە ژمارەى توشبووان بگەیەنێتە ئاستێکى بەرزتر لەو ئاستە هەڵکشاوەى ئێستا کە رۆژانە تۆماردەکرێت.

 

بەبڕواى د.زانا، هاوشێوەى دۆخى پێشوو کە بەهۆى جەژنەکانەوە ئامارەکان هەڵکشان، ئەگەر هەیە بەهۆى تێکەڵاوى خەڵک و پابەندنەبونیان بە رێنماییەکان لە جەژندا ئامارەکان هەڵکشانى زیاتر بەخۆوە ببینن.