گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شیکاری و زانیاریی نوێ

شەرقئەوسەت باس لە پلانی دورخستنەوەى لاهور شێخ جەنگی لە دەسەڵات دەکات

2021.07.21 - 11:29
App store icon Play store icon Play store icon
شەرقئەوسەت باس لە پلانی دورخستنەوەى لاهور شێخ جەنگی لە دەسەڵات دەکات

ناس کورد-

ڕۆژنامەی شەرقئەوسەت لەسەر زارى سەرچاوەیەکى نزیک لە لاهورى شێخ جەنگی ئاشکراى دەکات، دوورخستنەوەى ناوبراو و داماڵێنى لە دەسەڵاتى هاوسەرۆکێتى بە پلانى کوڕانى تاڵەبانى و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە و ناوزڕاندنیشى بۆ تەواوکردنى پلانەکە بووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەى "شەرقئەوسەت" چاپى لەندەنى لە ڕاپۆرتێکیدا ئەمڕۆ چوارشەممە دووەم ڕۆژى جەژنى قوربان (21ى تەموزى 2021) ڕایگەیاندووە، کۆتایى ناکۆکى ئامۆزاکان لەناو یەکێیتى لە بەرژەوەندى بافڵ تاڵەبانى کۆتایی هاتووە، ئەوەش دواى ئەوەى شێخ جەنگى ئامۆزاى سازشى لە دەسەڵاتەکانى هاوسەرۆکێتى حزبەکەى کرد، پاش هەفتەیەک لە تەقینەوەى کێشەکانى نێوانیان و گەیشتنە میدیاکان.

 

شەوى سێشەممە لاهور شێخ جەنگى دواى سازشکردنى لە دەسەڵاتەکانى وەکو هاوسەرۆکى یەکێتى لە سەرۆکایەتى هاوپەیمانێتى نێوان یەکێتى و گۆڕانیش کشانەوەى ڕاگەیاند کە بڕیارە ئەو هەڵبژاردنە مانگى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت.

 

لاهور شێخ جەنگى لە وتەیەکى تۆمارکراوى ڤیدیۆیدا بۆ لایەنگرانى وتى، "پیرۆزباى جەژنى قوربان دەکەمە دەرفەتێک بۆ ئەوەى داواى لێبوردنتان لێبکەم کە بەهۆى ڕوداوە پیلانگێڕییەکانى 8ى تەمموزەوە کەوتنە دڵەڕاوکێ و ترس و نیگەرانیەوە".

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، ئەوە یەکەمجار نییە کە ناکۆکیەکانى ناو یەکێتى دەتەقنەوە و پێشتریش بە سەرۆکایەتى نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەى گۆڕان لەیەکێتى جیابوویەوە و پەرتبوون و جیابوونەوەش لەناو ژینگەى سیاسی عێراقدا بووەتە دیاردە و پێشووتریش ئەو جۆرە دیاردانە لەحزبى شیوعى عێراقى و حزبى دەعوە و تەنانەت حزبى بەعسیشدا ڕوویانداوە.

 

ڕۆژنامەکە ئەوەشى گێڕاوەتەوە، لە کاردانەوەى پەیامەکەى لاهورى شێخ جەنگیدا، بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە بافڵ تاڵەبانیش لە ڕاگەیەنراوێکدا وتى، "یەکێتى نوێ دەستى بۆ هەمووان ڕادەکێشێت و پەیڕەوى دانوستان و وەلاخستنى ناکۆکییەکان لەپێناو خزمەتى خەڵکیدا دەگرێتەبەر".

 

سەرچاوەیەکى نزیک لە یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، هەر یەکلاییکردنەوەى ناکۆکیەکان هەر لە سەرەتاى سەرهەڵدانییەوە لە بەرژەوەندى کوڕانى جەلال تاڵەبانى دامەزرێنەرى یەکێتى کارێکى چاوەڕوانکراوە، ئەوەش بەهۆى قورساییەکى مێژووى سکرتێرى کۆچکردووى یەکێتى کە بەسەر حزبەکەوە هەیەتى.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، لاهورى شێخ جەنگى هەژموونى بەسەر باڵى سەربازى و ئەمنیى یەکێتیدا گرتبوو، پاڵپشتى گەریلاکانى پەکەکەى دەکرد، ئەوەش بەپێچەوانەى باڵى باڤڵ تاڵەبانى و بنەماڵەکەیەوە کە هەژموونیان بەسەر باڵى دارایى و سیاسیدا هەیە و زۆر هاوسۆز نین لەگەڵ پەکەکەدا.

 

هاوکات سەرچاوەیەکى نزیک لەباڵى لاهورى شێخ جەنگى بە ڕۆژنامەکەى ڕاگەیاندووە، دوورخستنەوەى شێخ جەنگى لە سەرکردایەتى یەکێتى بە پلانى کوڕانى تاڵەبانى و هاوسەرەکەى هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بووە.

 

ئەو سەرچاوەیەى سەر بەباڵى لاهورى شێخ جەنگى وتووشیەتى، میدیاکانى نزیک لەخێزانى تاڵەبانى شێخ جەنگییان بەپیلانگێڕى و هەواڵگرى و ژەهراوى کردنى بنەماڵەى تاڵەبانى تۆمەتبار کردووە و هەوڵى زڕاندنى ناوبانگی لاهورى شێخ جەنگیان کردووە بۆئەوەى بیکەنە پاساوى دوورخستنەوەى.