گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

شیكار: پێنج هۆكار بۆ ئەگەری پاشگەزبوونەوەی سەدر لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن 

2021.07.20 - 21:34
App store icon Play store icon Play store icon
شیكار: پێنج هۆكار بۆ ئەگەری پاشگەزبوونەوەی سەدر لە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن 

ناس كورد_

بۆ دووەمجار لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا موقتەدا سەدر بڕیاری كشانەوەی لە هەڵبژاردن راگەیاند و كاری دەستەی سیاسی رەوتەكەشی هەڵپەسارد، بەگوێرەی شیكارەكانیش چوار هۆكار لەپشت بڕیارەكەن و پێنج هۆكاریش هاندەرن پاشگەز ببێتەوە لێی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەگوێرەی ئەو ئاماژانەی بەردەستن بڕیاری كشانەوەی سەدر لە كاتێكدایە كە خۆی و ڕەوتەكەی ئەم كێشەو گرفتانەیان هەیە:

 

ـ لەناوخۆی رەوتەكەیدا كێشمەكێشی زۆر هەبوو لەسەر خۆ بەربژێرکردن و چۆنییەتی بەشداریكردنی هەڵبژاردن لەچوارچێوەی پرۆژەی (البنیان المرصوص).

 

ـ  پەیوەندی سەدر لەگەڵ هێزە مەدەنییەكانی تشرینی 2019 هێشتا هەر گرژەو هەندێك لە خۆپیشاندەران دەمیان تاڵە لێی و لە بكوژەكان جیای ناكەنەوە، هەرچەندە ماوەیەكی زۆریش پێكەوە هاوپەیمان بوون.

 

ـ دوو وەزارەت كە لەسەر سەدرییەكان ئەژمار دەکرێن (كارەبا و تەندروستی) کارێکی زۆر خراپیان هەبوو لەم هاوینە، بەتایبەت پاش داڕمانی كارەبای نیشتمانی و سووتانی نەخۆشخانەكانی ئیبن خەتیبی بەغدا و حوسێنی زیقار، ئەمەش سەدری لە سەروكاری چاكسازی “راعي الإصلاح” ـەوە كردە ئامانج و جێگەی رەخنەو ناڕەزایی.

 

ـ لەسەرچاوە ئاگادارەكانەوە بڵاوە كە سەدرییەكان پێشبینی بەدەستهێنانی 30 كورسییان كردووە بۆ هەڵبژاردنی 10ی تشرینی داهاتوو، ئەمەش خەونی سەدر بۆ كۆنترۆڵكردنی حكومەتی ئایندە دەخاتە مەترسی كە پێشتر زۆر پێداگرییان دەكرد لەسەر ئەوەی 100 كورسی بەدەستدەهێنن و سەرۆك وەزیرانی داهاتوو سەدری دەبێت.

 

زۆربەی چاودێران هاوڕان لەسەر ئەوەی ئەگەری زاڵ ئەوەیە سەدر لە بڕیاری كشانەوە پاشگەز ببێتەوە لەبەر كۆمەڵێك هۆكار:

 

ـ  هەڵبژاردنی پێشوەختە و یاساكەی و دابەشكردنی كورسییەكانی وەك كراس بەبەری باڵای رەوتی سەدردا دووراون و بەشی زۆریشی بەپێداگری و لەسەر داوای ئەوان داڕێژراوە و، هێزە شیعەكانی دیکە وەك ئەوان بەدڵیان نەبووە.

 

ـ ئەگەر ئەم رەوتە جەماوەریی عەقیدەیییەش لە هەڵبژاردنی نوێ بكشێنەوە، هێندەی دیکە سارد و سڕی دەكات و رێژەی بەشداری دەخاتە مەترسییەوە كە بەردەوام لە عێراق دا لە پاشەكشەدایە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە بەشێكی بەرفراوان لە هێزە نوێیەكانی پاش خۆپیشاندان بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردووە چونكە پێیانوایە، مەرج و دەرفەتی كێبركێكردنی تەندروستی تێدا نییە.

 

ـ گوشاری زۆری بەرپرسان و لایەنەكان لەسەر موقتەدا سەدر بۆ كشانەوە لەم میانەیەشدا مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران، لە تویتێكدا دەڵێت “ناكرێت تەسەوری بەشدارینەكردنی سەدرییەكان لە هەڵبژاردن بكرێت”.

 

ـ پێویستیی پاراستنی باڵە چەكدارەكەیەتی (سرایا السلام) بە رووپۆشێكی سیاسی و پەرلەمانی . لەم نێوەندەشدا سەدر ئەزموونێكی تاڵی پێشووتری هەیە لە ساڵانی 2007 و 2008 كاتێك بڕێك لە دەسەڵات دووربوو، چەكدارەكانی كەوتنە بەر گورز و زەبری حكومەت كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكرد و رەتەكەی دووچاری سەركوتكردنی زۆر بووەوە.

 

ـ  سەدرییەكان لە سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا هەن و هەرچەندە ژێرخانی جیابوونەوە و دووركەوتنەوەیان هەیە، بەڵام قورسە بڕوا بەوە بكرێت كە بتوانن لە دەرەوەی دەسەڵات هەڵبكەن بەتایبەت ئێستا كە جگە لە ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران، بانكی ناوەندیی عێراقیشیان بەدەستەوەیە و لەپاش بڕیارەكەی سەدریش بۆ كشانەوە هەروەك خۆیان ماونەتەوە.

 

باوەڕێكی زاڵ هەیە كە ئەمجارەش بەهەمانشێوەی جارانی دیكە سەدر بگەڕێتەوە بۆ نێو پرۆسەكە و هێندە هەیە بەم هەنگاوە رەخنەو ناڕەزایی و كێشە ناوخۆییەكانی سەر رەوتەكەی هەناردەكرد بۆ دەرەوە و، ئەوەی بەرەو ئاقاری خۆ خۆشەویستكردن و تكای گەڕانەوە بۆ یارییەكە گۆڕی، كە هەندێكیان لە ركابەرەكانی و هەندێكی دیکە لەو لایەنانەن کە پێیانوایە چەپڵەی هەڵبژاردن بەدەستێك لێنادرێت و بەبێ سەدر پڕۆسەكە بەباشی بەڕێوەناچێت.

 

سەرچاوە: ناوەندی لێكۆڵینەوەی ڕووداو (RRC)