گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

هەڵمەتی هاوسەرۆكانی یەكێتی دژی یەكتر لە جەژندا گەرمتر دەبێت 

2021.07.20 - 19:50
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵمەتی هاوسەرۆكانی یەكێتی دژی یەكتر لە جەژندا گەرمتر دەبێت 

ناس کورد-

هەرچەندە بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكانی دوا كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی دەبوو هاوسەرۆكانی یەكێتی هەڵمەتی میدیایی و هەڵدانەوەی دۆسیە دژی یەكتر ڕاگرن بەڵام لە شەو و ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتی میدیایی و هێرشكردنەسەر یەكتر بەشێوەیەكی بەرچاو پەرەی سەندووە و هەردوولا یەكتر بە دۆسییەی جۆراوجۆر یەكتر تاوانبار دەكەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە پەیامی جەژنی قورباندا شەوی (19/ 20 تەمموز) لاهور شێخ جەنگی ڕووداوەكانی ئەمدواییەی بە "پیلانگێڕی 8 تەمموز" ناوبرد و بافڵ تاڵەبانیشی بە "هاوسەرۆكی دووەم" دایە قەڵەم. لەو پەیامەدا كە بەشێوەی ڤیدیۆ تۆماركرابوو لاهور شێخ جەنگی باسی لەوەكرد ئەم بە كودەتا نەهاتووە و بەشێوەیەكی كاتیش دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی بووە بۆ بافڵ تاڵەبانی تا هەمواركردنەوەی پەیڕەو، ئەمە لەكاتێكدا بڕیاری مەكتەبی سیاسی لە ( 17 تەمموز) كە پشتئەستوورە بەكۆبوونەوەی ناوەڕاستی ئەم مانگە جەخت لە ڕادەستكردنی "تێكڕای دەسەڵاتەكانی" لاهور شێخ جەنگی دەكاتەوە بە بافڵ تاڵەبانی.

 

هاوكات لەگەڵ پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگیشدا بافڵ تاڵەبانی لەپەیامی جەژندا لای خۆیەوە سەردەمێكی نوێ و "یەكێتییەكی نوێ" ی ڕاگەیاند، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا لەرێگەی میدیاكانییەوە لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی ڕاگیراوی بە قاچاخچێتی و تۆقاندنی خەڵك و خراپ قۆستنەوەی بارودۆخی نەخۆشكەوتنی مام جەلال تۆمەتباركرد. هەر لەم میانەیەشدا میدیا نزیكەكانیتری ماڵی تاڵەبانی هەڵمەتێكیان بۆ تۆمەتباركردنی بەرپرسانی پێشووی دژە تیرۆر لەماڵی شێخ جەنگی بەرێوەبرد لەبارەی هەراسانكردنی هاوڵاتیان و كاری نایاسایی.

 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس كورد" بریارە دوای جەژن سەركردایەتی یەكێتی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەموار بكەنەوە و كۆتایی بە سیستمی هاوسەرۆكی بهێنن، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەم حیزبەش كە دەرهاویشتەی كۆنگرەی كانونی یەكەمی 2019 یە هاوسەرۆك تەنها بۆ ماوەی 60 ڕۆژ دەتوانێت دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆكەكەیتر بەكاربهێنێت و لەوە بەدوا دەبێت جێگرەوەی دیاری بكرێت، ئەمەش بۆ حاڵەتی مانەوەی سیستمەكەیە كە ئێستا بەگەرمی باس لە هەمواركردنەوەی هەیە.

 

دواى هەفتەیەك لەڕووبەڕووبونەوەی سیاسی و میدیایی هاوسەرۆكانی یەكێتی لاهور شێخ جەنگی پاش لەدەستدانی دەزگا میدیایی و پێگە ئەمنییەكانی ژێر دەسەڵاتی، ئێوارەی 15 تەمموز لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕازی بوو دەستبەرداری "تێكڕای دەسەڵاتەكانی" ببێت بۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی. لە پەیامی جەژنیشدا هۆكاری ئەمەی گێڕایەوە بۆ پابەندیی بە ئارامی و ئۆقرەیی سلێمانی و هەرێمی كوردستان و پەنا نەبردنە بەر هێز بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكان، بەڵام میدیاكانی بافڵ تاڵەبانی جەخت لەوە دەكەنەوە لاهور شێخ جەنگی هیچ سەركردە و بنكەیەكی سەربازیی بەدەستەوە نەماوە تا لە ململانێكاندا بەكاریانبهێنێت.