گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شیکاریی و وردەکاریی

پەیامی هاوسەرۆكانی یەكێتی؛ كێشمەكێش بەردەوام دەبێت

2021.07.19 - 23:09
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامی هاوسەرۆكانی یەكێتی؛ كێشمەكێش بەردەوام دەبێت

ناس کورد-

پاش چوار ڕۆژ لە دەركردنی بڕیاری ڕادەستكردنی دەسەڵاتەكانی لاهور شێخ جەنگی بە بافڵ تاڵەبانی هەردوولایان شەوی جەژن كۆمەڵێك پەیامیان ئاڵوگۆڕكرد كە ناوەڕۆكەكەی درێژەدانە بەو كێشمەكێشەی لە زیاتر لە 10 ڕۆژە لەنێوانیاندا بەئاشكرا تەقیوەتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لاهور شێخ جەنگی كە (15 تەموزی 2021) لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیدا پاش لەدەستدانی دەزگاكانی زانیاری و دژە تیرۆر و زۆرینەی میدیاكانی، دەسەڵاتە حیزبییەكانیشی ڕادەستكرد، بێدەنگی خۆی دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی "هەرگیز باوەڕم بە بەکارهێنانی هێز نەبووە و نییە بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەی حزبی".

 

لەكاتێكیشدا بافڵ تاڵەبانی باس لە یەكێتییەكی نوێ دەكات و بڕیاریداوە فۆتۆكانی خۆی و لاهور شێخ جەنگیش لە بنكە و بارەگا حیزبییەكان كۆبكرێنەوە، لاهور شێخ جەنگی باس لەوە دەكات بۆ چارەسەری کێشەکان ڕێرەوی حزبییان گرتۆتەبەر "کە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کە لە کۆنگرەدا شەرعیەتی وەرگرتووە" جەخت لەوەش دەكاتەوە ئەوان "لە کۆنگرەدا بە هەڵبژاردن هاتووین نەک بە ئینقیلاب" كە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ بافڵ تاڵەبانی ئامۆزای كە ئێستا هەموو دەسەڵاتەكانی وەرگرتووە.

 

بافڵ تاڵەبانی گفتی ئەوە دەدات "یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت"، بەڵام لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە دەكاتەوە ڕادەستكردنی دەسەڵاتەكانی كاتییە، "تا ئەو کاتەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکەمان هەموار دەکرێتەوە. ئەمەش وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ڕێگریکردن لەو خوێن بەربوونەی کە لە ئارادا بوو".


بافڵ تاڵەبانی دڵنیایە لەوەی "ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین"، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئامۆزا و ڕكابەری جەخت دەكاتەوە " تاکە مەرجم بۆ ئەمەش پێکهێنانی لیژنەیەکە لە مەکتەبی سیاسی بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی هەموو ئەو تۆمەت و پڕوپاگەندە بێبنەمایانەی لە هەندێک میدیا و سۆشیاڵ میدیا بۆ چەواشەکردن بڵاو دەکرانەوە و لە دوایشدا ئەنجامەکانی بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ڕایگشتی بڵاوبکرێتەوە".

 

ئەم پەیامانەی ئەمشەو لە كاتێكدایە میدیاكانی بافڵ تاڵەبانی هەر ئەمشەو جارێكیتر تۆمەتی قاچاخچێتی و مافیاگەری و "سەركردەی وەهمی" ئاراستەی لاهور شێخ جەنگی كرد و باس لەوەدەكەن ئەوكاتەی كوڕانی مام جەلال سەرقاڵ بوون، جڵەوی حیزبەكە كەوتووەتە دەست تاقمێك كە بەگوتەی ئەوان "دووربوون لە هەموو مۆڕالێك"، بەڵام لە پەیامەكەی لاهور شێخ جەنگیدا جارێكیتر جەخت لە پیلانگێڕی كرایەوە وەك هۆكارێك بۆ گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئەلمۆنیتوری ئەمەریكی كە "ناس كورد" بینیویەتی (19 تەمموزی 2021)
ئەو جوڵانەوەی لەناو یەكێتیدا ڕوویداوە "کودەتایەکی بێ خوێن" بووە، وەهاش باوە لەلایەن ڕکابەری گەورەی یەکێتیەوە کە پارتی دیووکراتی کوردستانە پشتیوانی لێکراوە.

 

لاهور جەنگى پەنجەی تۆمەتى ئاڕاستەى پارتی دیموکراتی کوردستان و تورکیا کردووە لەو هەنگاوەدا خێرایەدا کە لەرێگەیەوە لەدەسەڵات دوورخرایەوە.


لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئەنقەرە بە ڕوونی لە هەڵگەڕانەوە و ڕووداوەکان دڵخۆشە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی سەر بە دەوڵەتی تورکیا پێشبینی ئەوەی کرد کە چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی بافڵ تاڵەبانی "نەک تەنها ڕێگر دەبێت لەوەی حکومەتی ناوەندی عێراق سود لە دابەشبوونەکانی نێوان پارتی و یەکێتی وەربگری، بەڵکو کاریگەری ئێرانیش لە ناوچەکەدا تا چەند پلەیەک کەم دەكاتەوە".
سەرەڕاى ئەوە تورکیا چاوى لەوەیە ئەو گۆڕانکارییە پەیوەندییەکانى یەکێتى لەگەڵ پەکەکە سارد بکاتەوە، لەکاتێکدا لاهور جەنگى بەوە ناسرابوو کە پەیوەندى لەگەڵ ئەو پارتە هەیە و کارئاسانیان بۆ دەکات.

سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکەن گەریلاکانى پەکەکە چاودێری پزیشکیان بۆ دابینکراوە و رێگەیان پێدراوە لە ڕێگەی سلێمانیەوە بەرەو بارەگای خۆیان لە چیاکانی قەندیلی هاوسنوری ئێران هاتوچۆ بکەن.

لەراپۆرتەکەدا پرسیارى ئەوە وروژێنراوە کە ئایا بافل تاڵەبانی دژی پەکەکە دەجوڵێتەوە؟ "دیارە ئەوە پێشبینی ئەنقەرە و پارتی دیموکراتی کوردستانە".