گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توند و خێرا

دەلتا؛ نەوە هیندییەکەى کۆرۆنا گەمارۆى شارەکانی هەرێمی داوە

2021.07.19 - 21:39
App store icon Play store icon Play store icon
دەلتا؛ نەوە هیندییەکەى کۆرۆنا گەمارۆى شارەکانی هەرێمی داوە

ناس کورد-

دواجار تیمە پزیشکییە تایبەتمەندەکان بوونى توشبووى نەوەى هیندى ڤایرۆسى کۆرۆنا "دەلتا"ـیان لە هەرێمى کوردستان تۆمارکرد، بەوەش هەرێم چووە قۆناغى ڕووبەڕبوونەوەى ئەو نەوەیەوە کە بە تایبەتمەندى خێرایی و توندى ناسراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

"دەلتا" کە لە نەوە هیندییەکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ناونراوە و بەوە ناسراوە کە خێرا بڵاودەبێتەوە و لە نەوەکانى پێشوو توندترە، زیاتر لە هەفتەیەک بوو بەرپرسانى تەندروستیی هەرێمى سەرقاڵ کردبوو بەخۆیەوە، دواى تۆمارکردنى چەند حاڵەتێکى گوماناوى توشبوون بەو نەوە نوێیە.

 

چەند تیمێک لە هەرێمى کوردستان ڕاسپێردرابوون بۆ پشکنینى حاڵەتە گوماناوییەکان، دواى ئەوەى کیتى تایبەت بەدیاریکردنى ئەو نەوە نوێیە گەیشتە هەرێم، کە چەند تیمێکیان لە سلێمانین.

 

بەرپرسى یەکێک لەو تیمە تایبەتمەندانەى کە بە درێژایی ڕۆژ لە تاقیگەى پشکنینى کۆرۆنا لە نەخۆشخانەى تاهیر عەلى والى بەگ لە سلێمانى سەرقاڵى جیاکردنەوەى توشبوون بە دەلتا و جۆرەکانى دیکەن، زانیارى نوێ لەبارەى ئەو نەوە نوێیە و بڵاوبوونەوەى لە هەرێم ئاشکرا دەکات.

 

د.زانا حەمید، سەرپەرشتیارى تیمى پشکنینى کۆرۆنا لە تاقیگەى تاهیر والى عەلى بەگ لە سلێمانى ئەمڕۆ دووشەممە بە "ناس کورد"ى ڕاگەیاند، تیمەکەیان پرۆسەى جیاکردنەوەى توشبووانى دەلتاى لە جۆرە جیاوازەکانى تر ئەجامداوە بۆ ئەوەى رێژەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە دەربکەوێت.

 

تیمەکە لەچەند ڕۆژێکدا پشکنینیان بۆ 60 نمونەى توشبووانى کۆرۆنا کرد بۆ ئەوەى بۆیان دەربکەوێت کە چەندیان توشبووى دەلتان کە بە نەوە مەترسیدارەکەى کۆرۆنا ناسراوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوێکى تەندروستیی سلێمانى کە دەست "ناس کورد" کەوتووە، لەئێستادا لەلایەن تیمی پشکنینی کۆرۆنا لە سەنتەری دەستنیشانکردنی کۆرۆنای گۆڕاو ئەو جۆرە نوێیە تۆمارکراوە.

 

هەر ئەمڕۆ وەزیری تەندروستیی هەرێم زەنگی مەترسیی لێدا و ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوو نزیکەی دوو هەزار توشبووی نوێی کۆرۆنا دەستنیشانکراون، چەندین حاڵەتی کۆرۆنای دەلتاش تۆمارکراوە.

 

تا ئێستا لەهەرێمى کوردستان هیچ ئامارێکى دیاریکراوى توشبوون بەو نەوە نوێیەى کۆرۆنا ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئامارەکانى کۆرۆنا ماوەى چەند رۆژێکە لەهەڵکشانى بەردەوامدان و ئاستێکى پێوانەییان تۆمارکردووە، لە سلێمانی شەش حاڵەت هەن تائێستا.

 

زانا وتى، "گومانى بەهێز ئەوەیە بەشى زۆرى توشبووان لەو نەوە نوێیە بن کە یەکەم جار لە هیندستان تۆمارکرا".

 

بەوتەى پسپۆڕانى بوارى پەتاناسى، کۆرۆنا و ڤایرۆسەکانى دیکە لەشێوەى شەپۆلدا بڵاودەبنەوە بەشێوەى شەپۆلى هەشت هەفتەیی بۆ 12 هەفتەیی و 14 هەفتەیی، بەڵام هێشتا دیار نییە شەپۆلەکەى ئیستا لەچى قۆناغێکدایە.

 

"گومانمان هەیە لەسەرەتاى شەپۆلێکى نوێدا بین، بەهۆى بڵاوبوونەوەى دەلتاوە"، د.زانا وایوت.

 

توندیی و خێرایی بڵاوبوونەوە دیارترین دوو تایبەتمەندى کۆرۆناى گۆڕاو "دەلتا"یە، کە د.زانا جەختى لێکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا وتى کە ڕێژەى مردن پەیوەستە بە ژمارەى توشبووانەوە کە تا بەرزبێت ئەگەرى زیادبوونى هەیە.

 

هاتنى جەژنى قوربان و تێکەڵاوبوونى خەڵکى، ترسی لەلاى پزیشکان و بەرپرسانى تەندروستى دروستکردووە کە ژمارەى توشبووان بگەیەنێتە ئاستێکى بەرزتر لەو ئاستە هەڵکشاوەى ئێستا کە رۆژانە تۆماردەکرێت.

 

بەبڕواى د.زانا، هاوشێوەى دۆخى پێشوو کە بەهۆى جەژنەکانەوە ئامارەکان هەڵکشان، ئەگەر هەیە بەهۆى تێکەڵاوى خەڵک و پابەندنەبونیان بە رێنماییەکان لە جەژندا ئامارەکان هەڵکشانى زیاتر بەخۆوە ببینن.