گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

نیگارکێشى کاریکاتێرەکانى پێغەمبەرى ئیسلام بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد

2021.07.19 - 09:52
App store icon Play store icon Play store icon
نیگارکێشى کاریکاتێرەکانى پێغەمبەرى ئیسلام بە نەخۆشى کۆچى دوایى کرد

ناس کورد- 

ئەو نیگارکێشە دانیمارکییەى کە وێنەى محەمەد (د.خ) پێغەمبەرى ئیسلامى وەکو کاریکاتێر بڵاوکردەوە، لەتەمەنى 86 ساڵیدا بەنەخۆشى کۆچى دوایی کرد.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى هەواڵى فرانس پرێس (19ى تەموزى 2021) بڵاوى کردەوە، خێزانى کورت ویستەرگارد بەڕۆژنامەى (بیرلینجسکى)یان ڕاگەیاندووە، ناوبراو لەکاتى نوستندا گیانى لەدەستداوە، ئەوەش دواى ماوەیەکى دوور و درێژى ململانێ لەگەڵ نەخۆشیەکەیدا.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، ئەو نیگارکێشە لەپشتەوەى کێشانى 12 وێنەوە بوو کە لەلایەن ڕۆژنامەی یولاندس پۆستنەوە بەناونیشانى (ڕوخسارى محەمەد) بڵاوکرایەوە و بەتایبەت لەسەر وێنەیەکى کاردانەوەى زۆرى موسڵمانانى دونیاى بەدواى خۆیدات هێنا.

 

باس لەوەش کراوە، سەرەتا وێنە کاریکاتێرەکان تێبینى زۆریان لەسەر نەکرا، بەڵام دواى دوو هەفتە یەکەم خۆپیشاندان لەکۆبنهاگن دەستى پێکرد و دواتر باڵیۆزى وڵاتە موسڵمانەکان لەدانیمارک یاداشتى ناڕەزایەتیان ڕادەست کرد.

 

هەر لەکاردانەوەى ئەوەدا، لەشوباتى ساڵى 2006دا توڕەیى موسڵمانان لەدژى دانیمارکیەکان لەهەموو وڵاتانى موسڵماناندا پەڕەى سەند.

 

بەوتەى ئەو میدیا فەڕەنسیە، توندوتیژییەکان بەهۆى وێنە کاریکاتێرییەکانەوە درێژەى کێشا بۆ هێرش کردنە سەر ڕۆژنامەى شارلى لیبدۆى فەڕەنسى کە ڕۆژنامەیەکى گاڵتە ئامێزى فەڕەنسیە و بەو هۆیەشەوە 12 کوژراوى لێکەوتەوە، ئەوەش دواى ئەوەى ڕۆژنامەکە دووبارە لەساڵى 2012 کاریکاتێرەکانى بڵاوکردەوە.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ویستەرگارد لە ڕۆژنامەى یولاندس پۆستن لەسەرەتاى هەشتاکانەوە وەکو نیگارکێش کارى کردووە و پێشریش تابلۆکانى کاردانەوەیان بەدواى خۆیاندا نەهێناوە.

 

فرانس پرێس دەشڵێت، لەم ساڵانەى دواییدا ویستەرگارد وەکو هەندێک هونەرمەندى تر بەهۆى کارەکانیانەوە لەژێر چاودێرى پاراستنى پۆلیسى نهێنیندا بوون و لەسەرەتاى ساڵى 2010 ەوە پۆلیسى دانیمارکى پیاوێکى سۆماڵى تەمەن 28 ساڵى  لەماڵەکەیدا دەستگیرکرد کەپلانى دانابوو  ویستەگارد بەچەقۆ بکوژێت.