کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- بەهۆی پێکنەهاتنی لایەنەکان لەسەر کاندیدی وەزارەتە تەواونەکراوەکان، جارێکیتر پەرلەمانی عێراق دەنگدانی بە چوار وەزارەتەکەی كابینهكهی عادل عهبدولمههدی، سهرۆك وهزیرانی عێراق دواخست. . هەرچەندە بڕیاربوو لە کۆبونەوەی ئەمڕۆ (شەممە)دا، پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر چوار وەزارەتە بەتاڵەکەی کابینەکەی عەبدولمەهدی بدات، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تائێستاش ناوی ئەو کاندیدانە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان ڕەوانە نەکراوون. . شیروان میرزا، ئهندامی پهرلهمانی عێراق له فراكسیۆنی یهكێتی به ناس کوردی ڕاگهیاند، پێدەچێت دەنگدان بە کاندیدەکان بکەوێتە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوەوە کە هێشتا ئەوەش لەسەر ڕێککەوتنی لایەنەکان وەستاوە. . وەزارەتی ناوخۆ، بەرگری و داد و پەروەردە ئەو چوار وەزارەتەن کە بوونەتە لەمپەر لەبەردەم تەواوکردنی کابینەکەی عەبدولمەهدیدا، وەزارەتی داد کە پشکی کوردە و بەر یەکێتی دەکەوێت، بەهۆی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی نەتوانراوە یەکلا بکرێتەوە تا پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات. . بەوتەی شیروان میرزا، سەرەڕای ئەوەی یەکێتی کاندیدی خۆی هەیە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام هێشتا لەگەڵ پارتی ڕێک نەکەوتووە و ئەوەش وایکردووە پۆستەکە بە بەتاڵێ بمێنێتەوە. . پێشترعادل عەبدولمەهدی، حاکم ڕزگار ئەمینی وەک کاندیدی سەربەخۆی کورد بۆ پۆستی وەزیری داد دەستنیشان کردبوو، بەپێی زانیارییەکان، تا ئێستاش کاندیدەکەی عەبدولمەهدی هەر ڕزگار ئەمینە، بەڵام پەرلەمانتارەکەی یەکێتی جهختی لەوە کردەوە، ئەگەر کاندیدی ئەو پۆستە یەکێتی نەبێت، دەنگی لەسەر نادەن. .