گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لادان لەدەسەڵات بەس نییە

شیكار: رەنگە ماڵی شێخ جەنگی لە كوردستان دوور بخرێنەوە

2021.07.18 - 19:26
App store icon Play store icon Play store icon
شیكار: رەنگە ماڵی شێخ جەنگی لە كوردستان دوور بخرێنەوە

ناس کورد-

نوسەر و چاودێری سیاسی، عارف قوربانی دەڵێت ڕەنگە لەداهاتوودا ماڵی تاڵەبانی هەندێك كەیس و پرسی یاسایی دژی ماڵی شێخ جەنگی ئامۆزایان بە هەڵپەسێردراوی بهێڵنەوە و بەداماڵینی دەسەڵاتیان ڕازی نەبن و لەكوردستان دووریان بخەنەوە، ڕۆژنامەیەكی ئەمەریكییش دوو هۆكار بۆ خێراتركردنی كەوتنی دەسەڵاتی لاهور جەنگی دەخاتەڕوو. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

عارف قوربانی لە شیكارێكی درێژدا لەبارەی كێشەكانی یەكێتی كە ئەمڕۆ بڵاویكردووەتەوە (18 تەمموزی 2021) و "ناس كورد" بینیویەتی دەڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ راست بێت كه‌ توركیا هه‌وڵی كوشتنی لاهوور شێخ جەنگی داوه‌ و سیناریۆیه‌كه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی لاهوور له‌ مه‌ترسیی توركیا، كه‌واتە لانیكه‌م تاوەکو ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر حوكم بێت، ده‌بێت لاهوور له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستان نه‌مێنێت، سرووشتی سیاسه‌ت و ململانێش وایه‌ كه‌سێك له‌ گۆڕه‌پان خرایه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ ئاسته‌م ده‌توانێ‌ بێته‌وه‌ جێگه‌ی خۆی".

 

هەروەها دەڵێت "ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی دیکەیان راست بێت كه‌ ده‌گوترێت لاهوور جه‌نگی هه‌وڵی تیرۆركردنی بافڵی دابێت و پلانه‌كه‌ی ئاشكرا بووه‌، له‌و دۆخەشدا هیچ متمانه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌م دوو ئامۆزایه‌دا نامێنێته‌وه‌ بۆ پێكه‌وەكاركردن و ده‌بێت لایه‌نی شكستخواردوو گۆڕه‌پانه‌كه‌ چۆڵ بكات".

 

عارف قوربانی جەخت لەوەش دەكاتەوە بۆ له‌مه‌ودوا ماڵی مام جه‌لال تاكه‌ مه‌ترسییه‌ك هه‌یانبێت له‌به‌رده‌م هه‌ژموونیاندا به‌سه‌ر حیزبه‌كه‌وه‌، ماڵی شێخ جه‌نگی ده‌بن، بۆیه‌ بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌بێت دڵنیایی ئه‌وه‌یان هه‌بێت ئه‌و مه‌ترسییه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. بۆ ئه‌وه‌ش ره‌نگه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ به‌س نه‌بێت كه‌ له‌ پۆست و ده‌سه‌ڵات دابماڵدرێن له‌نێو یه‌كێتی یان ته‌نانه‌ت له‌ كوردستانیش دووریان بخه‌نه‌وه‌. ئەوەشی وتووە "ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ماڵی تاڵه‌بانی هه‌ندێك له‌و كه‌یسانه‌ وه‌ك كه‌یسێكی یاسایی به‌ هه‌ڵواسراوی بهێڵنه‌وه‌ تاوەکو له‌ هه‌ركاتێكدا هه‌ستیان به‌ جووڵه‌یه‌كی لاهوور و براكانی كرد، له‌ دژیان به‌كاریان ببەن".

 

ڕۆژنامەی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (18 تەمموزی 2021)  لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئەوەی وتووە دوو هۆكاری سەرەكی لەپشت پێشخستن و خێراكردنی كەوتنی لاهور شێخ جەنگین ئەوانیش هێرشی توندییەتی دژی مەسعود بارزانی وەك ئەوەی هاوئاستی ئەكتر بن كە ئەمە هیڵی سوورە، لەگەڵ سەنگەرگرتنی لە ئەنقەرە كە "قوڕەكەی خەستتر كردەوە".

 

ئەلمۆنیتۆر لە ڕاپۆرتێكیتردا باس لەوە دەكات ڕەنگە لاهور شێخ جەنگی زیاد ڕۆشتبێت لە تێگەیشتن لەو دەسەڵاتەی كە لە ڕێگای سۆشیال میدیاوە بنیاتی نابوو.

 

بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و میدیاكانی یەكێتی سەر بەماڵی تاڵەبانی بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرەی لاهور شێخ جەنگی تۆمەتباردەكەن بە قاچاخچێتی و قۆرخكردنی بازاڕ، بەكارهێنانی ژێرخانی یەكێتی بۆ مەرامی كەسێنی، لەگەڵ بەكارهێنانی پێگەی ئەمنی بۆ دەستوەردان لە كاروباروی سیاسی، لەبەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی ڕكابەرەكانی تۆمەتبار دەكات بەپیلانگێڕی و بەكارهێنانی پارتی و توركیا بۆ لادانی لە پۆستەكەی، ئۆرگانە فەرمییەكانی یەكێتیش تا ئێستا بەفەرمی هیچیان لەسەر كێشەی هاوسەرۆكەكانیان نەخستووەتەڕوو. 

 

پاش هەفتەیەك لەڕووبەڕووبونەوەی سیاسی و میدیایی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی پاش لەدەستدانی دەزگا میدیایی و پێگە ئەمنییەكانی ژێر دەسەڵاتی، ئێوارەی 15 تەمموز لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕازی بوو دەستبەرداری "تێكڕای دەسەڵاتەكانی" ببێت بۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی. بریاریشە لە چەند ماوەی داهاتوودا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەمواربكرێتەوە و لە سیستمی هاوسەرۆكییەوە بكرێتە یەك سەرۆكی بۆ بافڵ تاڵەبانی.