ناس کورد-
رۆژنامەی مۆنیتەری ئەمەریكی بڵاویكردەوە، ئەگەر هەیە دۆخی یەكێتی ببێتە گرژییەكی درێژخایەن لە كوردستانی عێراق و باس لەوەش دەكات پارتی پاڵپشتی لە بافڵ تاڵەبانی دەكات لە هەوڵی لادانی لاهور شێخ جەنگی و دوو هۆكاریش كەوتنی لاهور شێخ جەنگییان خێراتركرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
رۆژنامەی ئەلەكترۆنی ئەلمۆنیتۆری ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكدا كە "ناس كورد" بینیویەتی (18 تەمموزی 2021) باس لەوە دەكات هەوڵی كۆنترۆڵكردنی یەكێتی لەلایەن بافڵ تاڵەبانییەوە لەسەر چیرۆكی هەوڵی ژەهرخواردنی بنەڕەتە لەلایەن لاهور شێخ جەنگییەوە بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك لەمبارەیەوە ئاشكرا بكرێت.
هەر بەگوێرەی رۆژنامەكە جگە لەقوباد تاڵەبانی و مەلا بەختیار و كۆسرەت ڕەسوڵ پارتی دیموكراتی كوردستانیش پشتیوانییان لە بافڵ تاڵەبانی كردووە لە لادانی بەرپرسانی سەر بە لاهور شێخ جەنگی و نووسیویەتی "بافڵ تاڵەبانی پراگماتییە و وەك یەك پەیوەندی هەیە لەگەڵ ئێران و ئەمەریكا".
هەر بەگوێرەی رۆژنامەكە لەئێستادا ئەگەری پەرچەكرداری لاهور تاڵەبانی لەئارادا نییە بەڵام بەڵام بۆ داهاتوو ئەگەرێكی رێتێچووە.
ئەلمۆنیتۆر لەزاری سەرچاوەیەكەوە ئەوەشی وتووە دوو هۆكاری سەرەكی لەپشت پێشخستنی كەوتنی لاهور شێخ جەنگین ئەوانیش هێرشی توندییەتی دژی مەسعود بارزانی وەك ئەوەی هاوئاستی یەكتر بن كە ئەمە وەك هیڵی سوور تەماشا دەكرێت، لەگەڵ سەنگەرگرتنی لە ئەنقەرە كە "قوڕەكەی خەستتر كردەوە". سەرباری ئەمەش بەهۆی نەبوونی دامودەزگاوە هێز و دامەزراوەكانی موڵكی كەسەكانن.
پاش هەفتەیەك لەڕووبەڕووبونەوەی سیاسی و میدیایی هاوسەرۆكانی یەكێتی، لاهور شێخ جەنگی پاش لەدەستدانی دەزگا میدیایی و پێگە ئەمنییەكانی ژێر دەسەڵاتی، ئێوارەی 15 تەمموز لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕازی بوو دەستبەرداری "تێكڕای دەسەڵاتەكانی" ببێت بۆ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی. بریاریشە لە چەند ماوەی داهاتوودا پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی هەمواربكرێتەوە و لە سیستمی هاوسەرۆكییەوە بكرێتە یەك سەرۆكی بۆ بافڵ تاڵەبانی.
بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و میدیاكانی یەكێتی بەرەی لاهور شێخ جەنگی تۆمەتباردەكەن بە قاچاخچێتی و قۆرخكردنی بازاڕ و بەكارهێنانی ژێرخانی یەكێتی بۆ مەرامی كەسێنی، لەبەرامبەریشدا لاهور شێخ جەنگی ڕكابەرەكانی تۆمەتبار دەكات بەپیلانگێڕی و بەكارهێنانی پارتی و توركیا بۆ لادانی لە پۆستەكەی.