ناس کورد-
ماوەی زیاتر لە چوار ڕۆژە ژمارەیەک پێشمەرگەی کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان کە ویستوویانە لە سنوورى پێنجوێنەوە بپەڕنەوە بۆ رۆژھەلاتی کوردستان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستبەسەر کراون و بەرپرسێکی ئەو حزبەش دەڵێت، تائێستا بێسەروشوێنن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرچاوەیەکی ئاگادار و بەرپرس لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (یەکشەممە 18ی تەموزی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو 14ی تەموزی 2021، گروپێکی پێشمەرگەی کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان ویستوویانە لە سنوورى مەریوان ـ پێنجوێن بپەڕنەوە بۆ رۆژھەلاتی کوردستان، بەڵام لە (سنوری هۆشیاری) لەلایەن دەزگاى زانیاری و ئاسایشەوە دەوریان گیراوە و دەستبەسەر کراون."
وتیشی، "ئەو تیمەى کۆمەڵەى زەحمەتکێشانى کوردستان ژمارەیان چوار کەس بووە کە سیانیان پێشمەرگە بوون و یەکێکی دیکەشیان شۆفێر بووە."
ھەرچەند تا ئێستا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە فەرمی لەسەر ڕووداوەکە نەهاتووەتە دەنگ، لە بەرامبەریشدا حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەرپرسانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئاسایش هیچ لێدوانێکىان لەو بارەیەوە نەداوە.
هەر لەوبارەیەوە "ناس کورد" پەیوەندی کرد بە بەرپرسێکی باڵای کۆمەڵەوە ئەگەرچی هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە، بەڵام ئامادەنەبوو هیچ قسەیەکی فەرمی لەبارەیەوە بکات و وتی، "ڕوونکردنەوە لەوبارەیەوە دەدەین."