گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەنجانی هەرێم ئاگاداردەکرێنەوە

وڵاتێک بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمەوە سنورەکانی تەلبەند دەکات

2021.07.18 - 08:55
App store icon Play store icon Play store icon
وڵاتێک بەهۆی لێشاوی کۆچبەرانی عێراق و هەرێمەوە سنورەکانی تەلبەند دەکات

ناس کورد-

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیاردەی کۆچی نایاسایی لە عێراقەوە بۆ ناو خاکی لیتوانیا لەڕێگەی وڵاتی بیلاڕووسیاوە دەستی پێ کردووە و ئێستاش بەشێک لە گەنجانی هەرێم خۆیان ئامادەدەکەن کە لەو ڕێگایەوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا، بەڵام هەڵخەڵەتێنراون و هەرکە گەیشتنە ئەوێ دەستگیردەکرێن، دەشڵێت، بەهۆیەوە بیلاڕووسیا دەیەوێت سنورەکانی تەلبەند بکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، "بەهۆی دروستبوونی پەیوەندیی گەشتیارییەوە لە نێوان عیراق و بیلاڕوسیادا، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دیاردەی کۆچی نایاسایی لە عێراقەوە بۆ ناو خاکی لیتوانیا دەستی پێ کردووە کە چەندین لێکەوتەی هەبووە و لە ئێستاشدا بەشێک لە گەنجانی هەرێمی کوردستان خۆیان ئامادەدەکەن کە لەم ڕێگایەوە بگەنە وڵاتە دڵخوازەکانیان لە خاکی ئەورووپا. "

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم لێشاوە کۆچەی کە لەڕێگای وڵاتانی بیلاڕوسیا و لیتوانیاوە دەستی پێ کردووە شەپۆلێکی نوێیە لە کۆچی گەنجان کە پێیان وایە یاخود وا تێگەیەندراون کە ئەمە ڕێگایەکی سەلامەتترە و ئەگەری گەیشتنیان بە وڵاتانی ئەوروپا لەم ڕێگایەوە زۆر بەرزترە، کە تێگەیشتنێکی هەڵەیە."

 

ئاری جەلال دەڵێت، "لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان و عیراق بەشێک لە قاچاخچییەکان دەستیان کردووە بە هاندانی گەنجان بۆ ئەوەی کە لەڕێگای کۆمپانیا گەشتیارییەکانەوە خۆیان بگەیەننە وڵاتی بیلاڕوسیا و ئەوانیش لەو وڵاتەوە بە ئۆتۆمبێل دەیانخەنە ناو خاکی لیتوانیا."

 

باسی لەوەشکردووە، " بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای ڕاگەیاندنی فەرمیی وڵاتی لیتوانیا، بەشێک لە کۆچبەرەکان وا تێگەیەندراون کە لە وڵاتی لیتوانیاوە بە فڕۆکە دەگەیەندرێنە ئەو وڵاتەی کە خۆیان دەیخوازن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، قاچاخچییەکان بڕی 10 هەزار دۆلار تاکو 17 هەزار دۆلار لە هەر کۆچبەرێک وەردەگرن."

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، " ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرلەبەری ئەم وتانە ناڕاستن و لەگەڵ گەیشتنی کۆچبەران بە لیتوانیا، دەستبەجێ دەستگیر دەکرێن و دەخرێنە کامپەوە کە بەلایەنی کەمەوە پێویستە ماوەی شەش مانگ لەوێ بمێننەوە تاکو بڕیار لە چارەنووسیان دەدرێت، کە چارەنووسی زۆرینەیان دیپۆرت کردن دەبێت."

 

سەرۆکی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ئاماژەی بەوەکردووە، " بەهۆی کێشەی نێوان بیلاڕوسیا و لیتوانیاوە و هەروەها بەهۆی خێرایی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیەوە، وڵاتی لیتوانیا نەیتوانیوە ئامادەکاریی گونجاو بکات بۆ پێشوازی لە پەنابەران، بۆیە بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە بۆ ئەو پێشوازییە و بەو هۆیەشەوە بەشێکی زۆر لە کۆچبەران باس لەوە دەکەن کە ئەوان لە زینداندان نەک کامپی پەنابەران، دۆخی پەنابەرانی ناو خاکی لیتوانیا لە ئەوپەڕی خراپیدایە و بەپێی وتەی خۆیان، مامەڵەیەکی خراپ و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکرێت."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "وڵاتی لیتوانیا لەئێستادا بڕی 41 ملیۆن دۆلاری دابین کردووە بۆ تەلبەند کردنی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتی بیلاڕوسیا و دانانی کامێرای چاودێری و ڕادار لەسەر ئەو سنوورانە بۆ ڕاگرتنی هەموو سنووربەزاندنێک."

 

هەروەها باسیشی لەوە کردووە، لە ئێستادا هەزاران سەربازی پاراستنی سنوور لە وڵاتی لیتوانیا لەسەر سنوورەکان جێگیر کراون بۆ دەستگیر کردنی ئەوانەی سنووری ئەو وڵاتە دەبەزێنن بە جۆرێک کە دەرچوون زۆر ئەستەمە.