ناس کورد-
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، رەوشی ئازادی وتن و رۆژنامەگەریی لە سلێمانی مەترسیی لەسەر نابێت و دەشڵێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەندێک کەناڵ و پەیجی دیاریکراو داخراون، کارمەندەکانیان نە نانبڕاو دەبن و نە دووچاری دەرکردن دەبن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی ١٦ی تەموزی ٢٠٢١، تیمێک بە نوێنەرایەتیی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ و رۆژنامەی ھاووڵاتی، سەردانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیان کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی کۆبوونەوەکە، مەبەستی سەردانەکە بۆ گفتوکۆکردن بوو لە رەوشی رۆژنامەگەریی و ئازادی وتن و بڵاوکردنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، قوباد تاڵەبانی دڵنیایی تەواوی دا بە نوێنەرانی سەندیکا و میترۆ و ھاووڵاتی، بە ھیچ شێوەیەک مەترسی لەسەر رەوشی ئازادیی رۆژنامەگەریی لە سلێمانی دروست نابێت وھیچ رۆژنامەنووسێکیش دووچاری لێپرسینەوە نابێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەندێک کەناڵ و پەیجی دیاریکراو داخراون، کارمەندەکانیان نە نانبڕاو دەبن و نە دووچاری دەرکردن دەبن.
لەدوای گرژییە ناوخۆییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، چەند میدیایەکی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی داخران و کەناڵی (Iplus)یش کە هێشتا دەستی بە پەخش نەکردبوو لە لاهور شێخ جەنگی سەندرایەوە و کرا بە بینای کەناڵی ئاسمانیی گەلی کوردستان.