ناس کورد-
وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بە بەشداری شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە شیکردنەوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە کوردستان کرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
وەزارەتەکە (16ى تەموزى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کە بەسەردانێکی فەرمی لە وڵاتی ئەڵمانیان، لەگەڵ کۆمپانیای (deutsche bahn)ی ئەڵمانی شیکردنەوە بۆ شێوازی ئەنجامدانی پڕژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان و زوو جێبەجێکردنی دەکەن.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە چوارچێوە سەردانی شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم بۆ ئەڵمانیا بە سەرۆکایەتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە، شاندەکە بەشداری سیمینارێکیان کرد کە لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای (deutsche bahn)ی ئەڵمانی بەتایبەت بۆیان رێکخرابو دەربارەی پڕۆژەی هێڵی ئاسن و لایەنی هونەری و تەکنیکی و تێچوی پڕۆژەکە لەو وڵاتەو بەراوردکارییەک لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆژەکە لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەش رونکراوەتەوە، لە سیمینارەکەدا، تواناو شێوازی کارەکانی کۆمپانیاکەو پڕۆژەکانی لەو وڵاتە خرایەڕو، دواتر لە گەشتێکی مەیدانیدا شاندەکە یەکێک لە پڕۆژەکانی کۆمپانیاکەی بەسەرکردەوە کە لەئێستادا لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت، تیایدا شیکردنەوە بۆ شێوازی ئەنجامدانی پڕۆژەکان و قۆناغەکانی و ماوەی ئەنجامدانی پڕۆژەکەیان رونکردەوە.
راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات "هاوکات بەرپرسانی کۆمپانیاکە تیشکیان خستەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم پڕۆژەکەو شێوازەکانی چارەسەر و زو بە ئەنجامگەیاندنی، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت".