گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەپەلە

ناس بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرادەکات

2021.07.15 - 22:05
App store icon Play store icon Play store icon
ناس بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی چارەنوسی لاهور شێخ جەنگی ئاشکرادەکات

ناس کورد-

لەدوای کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایان کرد، لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بووە بۆ بافڵ تاڵەبانی تا هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تەموزی 2021، میدیاکانی یەکێتی ڕایانگەیاند، بە بەشداری هەردوو هاوسەرۆک، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کۆبووەوە و تیایدا چەند بڕیارێکی گرنگ دران.

 

ناس کورد لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکەوە زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا لاهور شێخ جەنگی بە فەرمی دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی بووە وەك هاوسەرۆك بۆ بافڵ تاڵەبانی تا هەمواری پەیڕەوی ناوخۆ.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای کۆبوونەوەکە میدیاکانی نزیک لە لاهور شێخ جەنگی بڵاویانکردەوە، "کێشەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی چارەسەرکراوە و هەردووکیان وەک هاوسەرۆکی یەکێتی دەمێننەوە."

 

لەگەڵ ئەوەشدا سەرچاوەکانی "ناس کورد" جەختیان لەوە کردەوە، کە مانەوەی لاهور شێخ جەنگی وەک هاوسەرۆک تاوەکو هەمواری پەیڕەوی ناوخۆیە و ناوبراو ڕازی بووە دەسەڵاتەكانی بەفەرمی ڕادەست بكات. 

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەدوای کۆبوونەوەکە، میدیای یەکێتیش ناونیشانی "سەرۆک"ی بافڵ تاڵەبانی گۆڕییەوە بە "هاوسەرۆک" و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیی بە هاوسەرۆکی یەکێتی ناوبراون. 

 

لەدوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسەر ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 15ی تەموزی 2021، لاهور شێخ جەنگی بێدەنگی شکاند و لەگەڵ بەشێک لە لایەنگرانیدا لە هۆتێل لالەزار کۆبووەوە و قسەی لەسەر بابەتەکە کرد. 

 

بەشداربوویەکى کۆبوونەوەکە بە "ناس کورد" ى راگەیاند، لاهور جەنگى باسى لەوەکردووە، دواى ئەوەى ئەمڕۆ تۆمەتیان داوەتەپاڵ، ناچارە ئەمشەو دواى پێنج رۆژ بێدەنگى پەیامێک بڵاوبکاتەوە، چونکە ئەگەر ئەوە نەکات رەنگە سبەینێ فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەربکرێت، جەختیشیکردەوە لەسەر دەستى ئەو ئینشیقاق لەناو یەکێتیدا روونادات.  

 

لاهور شێخ جەنگى باسى لەوەشکردووە، ماوەیەکە ئەردۆغان لەرێگەى بەرپرسانى هەرێم و عێراقەوە پەیامى بۆ دەنێرێت کە لێی قبوڵ ناکات، ئەویش وتویەتى ئەوەى لە رۆژئاواى کوردویەتى شانازى پێوەدەکات "بەڵام بۆ پەکەکە پێم وتوون من هاوکاریم نەکردون، بەڵام ناشتوانم رێگریان لێبکەم".  

 

دەشڵێت، خەمیس خەنجەر پێیوتووە ئەردۆغان وتویەتى لاهور کۆتایی هاتووە، "منیش پێموت چى دەکەن ساروخم تێدەگرێت، ئەگەر وایە با ساروخەکە کەمێک گەورە بێت بۆ ئەوەى ئازارەکەى کەم بێت".  

 

لەبارەى گۆڕانکاریی پۆستەکانەوە کە کێشەى لێکەوتووەتەوە، بەوتەى بەشداربووى کۆبوونەوەکە لاهور جەنگى وتویەتى "یەکەمجار وتیان گۆڕانکاریی حکومى دواى داواملێکرا وڵات بەجێبێڵم، ئێستاش پێکەنینم بەو داوایە دێت".  

 

ئەوە یەکەم دەرکەوتنى لاهور شێخ جەنگییە لەناو لایەنگرانیدا لەدواى سەرهەڵدانى کێشەکانى لەگەڵ بافڵ تاڵەبانى (8 تەمموزی 2021) کە نزیکەى هەفتەیەکە بەردەوامە و لەمیانەیدا لەلایەن بافڵ تاڵەبانی و میدیاكانی یەكێتییەوە تۆمەتباركراوە بە دانانی سیخوڕ لەماڵی تاڵەبانی و دروستكردنی چەندین پەیجی سۆشیال میدیا و بەهەدەردانی دارایی یەكێتی لە دروستكردنی تۆرێك میدیا بۆ بەرژەوەندی شەخسی، ئەمە جگە لەكاری قاچاخچێتی و قۆرغكردنی بازاڕ و بەكارهێنانی دەزگای ئەمنی بۆ دەستوەردان لە كاروباری سیاسی.