گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بافڵ تاڵەبانی: هیچ کەس حەدى نییە جارێکیتر سیخوڕ بخاتە ناو ماڵی مام جەلال

2021.07.15 - 13:45
App store icon Play store icon Play store icon
بافڵ تاڵەبانی: هیچ کەس حەدى نییە جارێکیتر سیخوڕ بخاتە ناو ماڵی مام جەلال

ناس کورد-

بافڵ تاڵەبانى رایگەیاند، بڕیارى گۆڕانکاریی ریشەیی داوە و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ بخاتە ناو ماڵی مام جەلال.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بافڵ تاڵەبانى لەپەیامێکدا کە وەک سەرۆکى یەکێتى خۆى ناساندووە دەڵێت "بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران".

 

دەقى پەیامەکە:

باوکە گیان رێنیشاندەر و رابەری مێژووییمان

ئەمڕۆ ھاتوومەتە حزورت تا لەنزیکەوە خۆم راستییەکانت پێبگەیەنم و دڵنیات بکەمەوە لە پشوودرێژی و دانبەخۆداگرتنم لەبەرامبەر پاراستنی یەکێتی ناو یەکێتی و ئەمانەتی خوێنی شەھیدان، رەنج و ماندووبوونی پێشمەرگەی دێرین، تێکۆشەرانی رێگای خەبات و زیندانیانی سیاسی، کەمئەندامانی سەنگەر و قوربانیدانی کۆمەڵانی خەڵک.

دواجار بەناچاری دوای ھەوڵی بەردەوامم و کۆشش لەپێناو یەکێتییەکەمان و پارێزگاری لە رێبازی راست و رەوان و بەڕاوێژ لەگەڵ سەرکردە تێکۆشەرەکان و خەمخۆرانی یەکێتی راستەقینە بڕیاری گۆڕانکاریی ریشەییمدا لە سەرپەرشتیارانی ھەموو ئەو دامەزراوە ئەمنی و حزبییانەی ساڵانێک بوو خرابوونە خزمەت بەرژەوەندی هەندێک کەسەوە و بۆ تەسفیاتی حیزبی بەکاردەھێنران و دژی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان دەجووڵانەوە. لەکاتێکدا کارمەندانی ئەو دەزگایانە خەڵکانی تێکۆشەر و دڵسۆزبوون بەڵام بەمەبەست ئەم کارە دزێوانەیان پێئەنجام دەدرا. دەست خرابووە بینەقاقای کاروکاسبی کاسبکاران و سەرمایەداران. بەپیلان و بەرنامە رێگری لە دامەزراوەکانی حکومەت دەکرا تاوەکو کار و پڕۆژەکانیان جێبەجێنەکەن. قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن، ھەڕەشە و سیخوڕیکردن کرا بە بەرنامە.

دواجار گلەیی و گازندەی کۆمەڵانی خەڵک، نووسەران، رۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و مامۆستایانی زانکۆ و دڵسۆزان و ناوەندە دیبلۆماسییەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان ھەمووی بەھەند وەرگیران و بڕیارە دروستەکەمان دا لەبەرامبەر یاساشکێنان.

ئەمڕۆ لەسەر مەزارەکەت بەڵێن دەدەین یەکێتی ئەمانەتە و بە گیانمان دەیپارێزین. جەخت دەکەمەوە داھاتووی یەکێتی پرشنگدارتر دەبێت و ھیچ کەس حەدی نییە و زاتی ئەوە ناکات جارێکیتر سیخوڕ نەک بخاتە ناو ماڵی مام جەلال بگرە لەناو کۆمەڵانی خەڵک و دامەزراوەکانی حکومەت و رێگەنادرێت ئەم کارە نەشیاوانە بکرێن و دەبێت لەمەودوا دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای زانیاری لەخزمەت ئاسایشی ھەرێم و پاراستنی سەروماڵی خەڵک و فەراھەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بێت بۆ کاروکاسبی و ژیانی ھەمووان.

بەڵێن بێت... بەڵێن لەئاست گەورەیی یەکێتی و سەروەری خاکی ھەرێم بم بۆ پارێزگاریکردن  لەمافەکانی خەڵک و بەرژەوەندی گشتی و یەکێتییەکان و تێکۆشەران و کەسوکاری شەھیدان.

بافڵ تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان