گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە دەباشان

سەرچاوەیەكی یەكێتی: لە ماڵی مام جەلال سیخوڕی لاهور شێخ جەنگی گیراوە

2021.07.15 - 12:03
App store icon Play store icon Play store icon
سەرچاوەیەكی یەكێتی: لە ماڵی مام جەلال سیخوڕی لاهور شێخ جەنگی گیراوە

ناس كورد_ 

كەناڵی كوردسات و ماڵپەڕەكانی نزیك لە بافڵ تاڵەبانی لەزاری سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بڵاویكردەوە "لەناو ماڵی مام جەلال لە دەباشان سیخوڕ گیراوە و دانیناوە بەوەی کاری بۆ ھاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی کردووە و بەکارھێنراوە بۆ مەرامی تایبەتی و لێدان لەبەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی".

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەم ڕاگەیەنراوە كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ( 15 تەمموزی 2021) بڵاوكراوەتەوە، نوێترین پێشهاتی هەشتەم ڕۆژی تەقینەوەی ناكۆكییەكانی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگیە تا ئێستا، كە سەرەتا بە گۆڕینی بەرپرسانی زانیاری و دژە تیرۆر دەستی پێكرد و دواتر گەیشت بە راگەیاندنی یەك لایەنەی بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆكی یەكێتی بەتەنها و دەستبەسەرداگرتنی دەزگا میدیاییەكانی لاهور شێخ جەنگی و دواتر ڕاگرتنیان لە پەخش. 

 

تا ئێستا لاهور شێخ جەنگی تەنها دوو لێدوانی بەفەرمی لەبارەی ناكۆكییەكان بڵاوكردووەتەوە كە یەكەمیان ڕەتكردنەوەی گۆڕانكارییەكانە بەو پێیەی "بەزەبری هێز كراون و شەرعیەتیان نییە" دووەمیشیان پەیوەستكردنی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ناو یەكێتییە بە پلانگێڕی پارتی و توركیا بەئامانجی لاوازكردنی یەكێتی. 

 

میدیای لاهور شێخ جەنگی جەختی لەوەش كردووەتەوە ئەوەی ڕوویداوە پلانێكە بۆ دابڕینی سلێمانی لە ڕۆژئاوای كوردستان و هەر لەم میانەیەشدا كۆمەڵێك لێدوان و شیكاریان زەق كردەوە كە باس لە "كودەتای زەرد" دەكەن لە سلێمانی. 

 

لای خۆشیانەوە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی لە لێدوانەكانیانی چەند ڕۆژی ڕابردوویاندا ئاماژە بەوە دەكەن گۆڕانكارییەكانیان بۆ چاكسازی و بنەبڕكردت قاچاقچێتی و ئازادكردنی بازاڕە لە قۆرخكاریی.

 

هەر لەم میانەیەشدا سۆشیال میدیای نزیك لە ماڵی تاڵەبانی باس لەوە دەكەن یەكێتی نیشتمانی كوردستان پلینۆم دەبەستێت و ئامادەكاری دەكات بۆ كۆنگرەی پێشوەختە.