گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریى

پەیامێک لە پەکەکەوە لەبارەى کێشە نێوخۆییەکانى یەکێتى 

2021.07.14 - 18:56
App store icon Play store icon Play store icon
پەیامێک لە پەکەکەوە لەبارەى کێشە نێوخۆییەکانى یەکێتى 

ناس کورد-

پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پەیامێکی ئاراستەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان کرد و داوای کرد، یەکێتی لەسەر بنەمای پەیڕەو و یاسای نێوخۆیی وهەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی کێشە نێوخۆیەکانی چارەسەر بکات و هۆشداریشیدا لە قوڵترکردنەوەی کێشەکان کە ئەگەری هەیە زیان بەیەكێتی و دۆزی ئازادی و دیموكراسی گەلی كوردستان بگەیەنێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ( 14ی تەموزی 2021)  پەیامێکی ئاراستەی یەکێتی نیشتیمانی کرد کە تێیدا هاتووە،" لەم رۆژانەی دواییدا قەیرانی بەڕێوەبەرایەتی لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هاتۆتە ئاراوە و ئەگەری هەیە زیاتر تەشەنە بکات".

 

ئەوەش هاتووە "بڕوا وچاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە كە ئەم قەیرانە لە رێگەی ئەو میكانیزمە خاوەن بڕیارانەی كە لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراون و هەروەها لەسەر بنەمای پەێرەو و یاسای نێوخۆیی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و نیشتمانی چارەسەر بکرێن".

 

ئاماژە بەوە کراوە "یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەكو حزبێك كە بەڕێز مام جەلال تاڵەبانی دایمەزراندووە هەم لەبواری خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەم لەبواری دیموكراسی و ماف و ئازادییەكاندا خاوەن هەڵوێستێكی گرنگ بووە، لە چاو كورد و دۆستانی كوردیشەوە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان هێشتا هەر خاوەنی رۆڵ و میسیۆنێكی وەهایە".

 

پەکەکە لەپەیامەکەیدا داوای کردووە "ئەو كێشانەی كە لەم رۆژانەی دواییداهاتوونەتە ئاراوە، لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتنی هاوبەش و دیالۆگ لەچوارچێوەی میكانیزمە خاوەن بڕیارەكانی حیزبدا چارەسەر بكرێن".

 

ئەوەشی خستووەتە ڕوو "یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەك تەنیا لەباشوری كوردستاندا، بەڵكو لە بەشەكانی دیکەی كوردستان و لە هەر شوێنێك كە كوردی لێی دەژی خاوەن گرنگی و پێگە و نرخ و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، هەم لە خەباتی یەكێتی نەتەوەیی و هەم لە چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی كورد لە رێگەی دیموكراسیانە و دیالۆگەوە خاوەن رۆڵێكی دیاریكەرە".

 

پارتی کرێکارانی کوردستان هۆشداریشی داوە و دەڵێت "لەو بڕوایەداین كەوەكو وەڵامێك بۆ ئەم رۆڵ و چاوەڕوانییانە، بە بێ ئەوەی كە كاتەكە بەفیڕۆ بدرێت، كێشەكان قوڵتر نەبنەوە و هەرچی زوترە چارەسەر ببن. بە لەبەرچاو گرتنی دۆخی هەرێمەكە ئەوەمان بە باشی بۆ رون دەبێتەوە كە دەرفەت هەم بۆ مایندەكردنی دەسكەوتەكانی گەلی كورد هەیە هەم مەترسی لەناوچوونیشیان لە ئارادایە".

 

پەکەکە لەپەیامەکەدا پێشنیاری ئەوەی کردووە "لەقۆناخێكی وەهادا باشتر وایە كە كێشە ناوخۆییەكان بەبێ ئەوەی كە قوڵتر بكرێنەوە و لایەنەكان یەكدی تاوانبار بكەن و خەسار بە بەها دیموكراسییەكان بگات، لە رێگای ئۆرگانە خاوەن بڕیارەكانی حیزبەوە چارەسەر بكرێن. لە دۆخێكی پێچەوانەی ئەمەدا، ئەم كێشانە هەم كاریگەری نیگەتیف لەسەر YNK دادەنێن و هەم دبنە هۆی لاوازبوونی ئەو كار و پیلانانەی كە بۆ قۆناخی داهاتوو داڕێژراون. ئەمەش هەم زەرەر بە یەكێتی نیشتمانی دەگەیەنێت وهەم بە دۆزی ئازادی و دیموكراسی گەلی كوردستان". 

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا پارتی کرێکارانی کوردستان ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ هاوکاری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەچارەسەرکردنی قەیرانەکە ودەڵێت،" ئێمە وەك پارتی كرێكارانی كوردستان  هەمیشە رۆڵ و كاریگەری یەكێتی نیشتمانی كوردستانمان لە تێكۆشانی ئازادیخوازی گەلی كورددا بە هەند وەرگرتووە و بە گرنگمان زانییوە. هەمیشە گرێدراوی ئەو هەستی دۆستایەتی و هاوڕێیەتییەی نێوان سەرۆك مام جەلال تاڵەبانی، مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و رێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان بووین و بۆچوونی ئەوانمان بۆ چارەسەری كێشەكان لە رێگای لێكتێگەیشتنی هاوبەشەوە بە بنەما وەرگرتووە. لە قۆناخی داهاتووشدا بۆ ئەوەی كە رۆڵ و میسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كورستان لە سەر ئەم رێبازە بەڕێوەبچێت، چ ئەرك و بەرپرسیارێتییەك بكەوێتە سەر شانمان ئامادەین جێبەجێ بكەین. بە پێویستی دەزانین كە ئەم كێشانەی دوایی، بە بێ ئەوەی ببنە مایەی خۆشحاڵی نەیاران و دوژمنانی گەلی كورد و زەرەرمەندبوونی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەر هەرچی زووترە چارەسەر بكرێن".