ناس کورد-
جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەمیانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ بەرپرسانى دەزگا ئەمنییەکانى شارى سلێمانى کۆبوەوە و داواى لێکردن کە دەست لە کاروبارى سیاسى وەرنەدەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
نوسینگەى رۆژنامەوانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان (14ى تەموزى 2021) لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوە کرد، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، بەیاوەری سەرۆكی دەزگای زانیاری و بەڕێوبەری دژە تیرۆر، سەردانی دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمی كرد و لەگەڵ د.خەسرەو سەرۆكی ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری و سەرجەم بەڕێوبەرانی ئاسایش لەبارەی پرسە هەنووكەییەكان گفتوگۆیان كرد.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانی، هەریەك لە مامۆستا ئەژی ئەمین وەك سەرۆكی دەزگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی وەك بەڕێوبەری دژە تیرۆر، بەرەسمی بە لێپرسراوانی ئاسایشی ناساند، باسی لەوەشكرد ئەو بەرپرسیارێتییە نوێیەی وەریانگرتووە ئەركە لەسەرشانیان و جێگەی هیواو متمانەشن بۆ جێبەجێكردنی.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، قوباد تاڵەبانی جەختی كردەوە، ئەركی ئاسایشە رێگربن لەڕوودانی تاوان و هەماهەنگیكردن لە نێوان دەزگا ئەمنییەكانی تر لەگەڵ پاراستنی تایبەتمەندی كارو ئەركی هەریەك لەو دەزگایانە.
بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، قوباد تاڵەبانى جەختیكردەوە نابێت دەزگا ئەمنییەكان دەستوەردان لەكاروباری سیاسی بكەن و ئەركی ئەوان پاراستنی ئۆقرەیی و سەروماڵی هاوڵاتیان و دەستەبەركردنی ئارامییە.