گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’مۆڵەتیان نییە’’

هەڵوێستی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لەسەر داخستنی میدیاکانی لاهور شێخ جەنگی

2021.07.13 - 22:20
App store icon Play store icon Play store icon
هەڵوێستی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لەسەر داخستنی میدیاکانی لاهور شێخ جەنگی

ناس کورد-

لەدوای هەڵکوتانەسەر کەناڵێکی تەلەفزیۆنی و چۆڵکردنی ئۆفیسی چەند ماڵپەڕێک لە سلێمانی، لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان دەڵێت، سەرقاڵی ئەوەن وردەکاریی ڕووداوەکە بزانن و بشزانن چەند لەو میدیایانە مۆڵەتیان هەیە، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیش دەڵێت، هیچ میدیایەکی سەربە لاهور شێخ جەنگی مۆڵەتی کارکردنی نییە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمشەو سێشەممە 13ی تەموزی 2021، هێزێکی ئەمنیی هەڵیکوتایەسەر کەناڵی (Iplus)ی سەربە لاهور شێخ جەنگی، جگە لەوەش ئۆفیسی چەند ماڵپەڕێکی دیکەی نزیک لەناوبراو لەژێر فشاردا چۆڵ کران.

 

لەوبارەیەوە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "ئێمە بەهەموو شێوەیەک داکۆکی لە ماف و سەلامەتی گیانی ڕۆژنامەنوسان دەکەین و بێ هەڵوێست نابین لەوبارەیەوە."

 

وتیشی، "لەگەڵ ئەوەشدا هیچ میدیایەکی سەربە لاهور شێخ جەنگی مۆڵەتی نییە و ئەوەش کێشەیەکە بۆ ئێمە، کە ئەوان پێشێلی ڕێنماییەکانی سەندیکایان کردبێت، ئێمە چۆن بتوانین بەرگرییان لێ بکەین."

 

باسی لەوەشکرد، " یەکێک لەو ماڵپەڕانە ماوەی ساڵێکە ئاگادارمان کردووەتەوە کە مۆڵەت دەرکەن، بەڵام ئەوان نایانەوێت مۆڵەت دەربکەن بۆ ئەوەی نەزانرێت کە سەرچاوەی بودجەکەیان لە کوێوەیە."

 

لەدوای چەند کاتژمێرێک لە ڕووداوەکان، لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانیش بەهەمانشێوەیە بێدەنگە لە ئاست ڕووداوەکە.

 

کاروان ئەنوەر، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بە "ناس کورد"ی وت، "ئێمە ئێستا بەدواداچوون دەکەین لەسەر وردەکاریی ڕووداوەکان و پێویستە بزانین چەند لەو میدیایانە مۆڵەتیان هەیە، دواتر هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنن."

 

لەبارەی ڕووداوەکەوە، یەکێک لە کارمەندانی کەناڵی ئای پڵەس بە مەرجی بڵاونەکردنەوەى ناوەکەى بە ناس کوردی وت، "هێزەکە هاتنە ناو بیانەکەوە و کەلوپەلەکانیان شکاند و بۆ ماوەیەک کارمەندەکانیان دەستبەسەر کرد." 

 

وتیشی، دواتر سەرجەم کارمەندان کرانە دەرەوە و ئێستا هێزەکە لەناو بیناکەدان کە دەکەوێتە گەڕەکی کوردساتی سلێمانی.