گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’نرخی تاکسی زۆر دابەزی’’

نوێترین زانیاری لەبارەی قەدەغەکردنی کاری شۆفێریی تاکسی لە بەشێک لە موچەخۆران

2021.07.13 - 18:37
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی قەدەغەکردنی کاری شۆفێریی تاکسی لە بەشێک لە موچەخۆران

ناس کورد-

بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیاری ڕێکخستنەوەی کاری شۆفێرانی تاکسی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوەش نرخی تاکسیی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزاندووە، وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت، تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ درێژکردنەوەی وادەکە و بڕیارەکە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە کاری شۆفێرانی تاکسی ڕێکبخاتەوە و بەگوێرەی چەند میکانیزمێک ڕێگە لە بەشێکی زۆری موچەخۆران بگرێت کە کاری شۆفێریی تاکسی نەکەن، بڕیاریشە لە سەرەتای مانگی داهاتوو بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێم (سێشەممە 13ی تەموزی 2021) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "تائێستا هیچ گفتوگۆیەک نەکراوە بۆ دواخستنی بڕیارەکە و ئەوەی تائێستا هەیە بڕیارەکە لە وادەی خۆی و لە 1-8 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."

 

لەهەرێمى کوردستان زیاتر لە 83 هەزار تاکسى هەن، بەڵام بەگوێرەی ئەم بڕیارە ژمارەیان کەم دەبێتەوە و پێدەچێت بەشێکیان بکرێنەوە بە تایبەت، ئەوانەشی بڕیاری قەدەغەکردن نایانگرێتەوە پێویستە لۆگۆ و لەزگەی تایبەت بە پارێزگاکەی خۆیانی لێبدەن و کارتێکی زانیاریی تایبەت بە خۆیان هەبێت.

 

بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە، تائێستا لێدانی لۆگۆ بەپێی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:

 

هەولێر؛ 14825 فۆڕم دابەشکراوە و 8508 مامەڵەی ناوخۆیی تەواو بووە و 950 مامەڵەی دەرەکیش تەواو بووە و لۆگۆیان لێدراوە.  

 

سلێمانی؛ 4660 فۆڕم دابەش کراوە و 1459 مامەڵەیان تەواو بووە و لۆگۆیان لێداوە.

 

دهۆک؛ 5161 فۆڕم دابەشکراوە و 2602 مامەڵە تەواو کراوە و لۆگۆیان لێداوە.

 

بە پشت بەستن بەو ژمارانە دەردەکەوێت، لەکۆی دەوروبەری 83 هەزار تاکسی دەوروبەری 14 هەزار تاکسی لۆگۆیان لێداوە.

 

"نرخی تاکسی زۆر دابەزیوە"

 

ئەو کەسانەشی کە ڕێنماییەکان نایانگرێتەوە و کاری شۆفێریی تاکسییان لێ قەدەغە دەکرێت، ناچارن تاکسییەکانیان بفرۆشن یاخود تابلۆکەی بگۆڕن و بیکەن بە تایبەت،

 

هەرێم عەلی، لە شاری سلێمانی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی تاکسی دەکات و بە "ناس کورد"ی وت، لەئێستادا بازاڕی کڕین و فرۆشتنی تاکسی گەرم بووە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر شۆفێرانی تاکسی سەردانیان دەکەن بۆ فرۆشتنی ئۆتۆمبێلەکانیان.

 

وتیشی، "بەوهۆیەوە لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوودا هەر ئۆتۆمبێلێکی تاکسی بە هەموو جۆرەکانییەوە نزیکەی هەزار و بۆ هەزار و 500 دۆلار (10 بۆ 15 وەرەقە) دابەزیوە و شۆفێرانی تکاسی زیانێکی زۆر دەکەن."

 

"لە سلێمانی کەمترین لۆگۆ لێدراوە"

 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەگەرچی پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیانیش لەسەر پارێزگای سلێمانین، بەڵام لەو پارێزگایە کەمترین مامەڵە ئەنجامدراوە.

 

مامەڵەکارێکی دیکە بەناوی هەڵۆ ئەحمەد بۆ "ناس کورد" ڕوونیکردەوە، "بەشێک لە شۆفێران پێیانوایە وەکو بەشێکی دیکە لە بڕیارەکانی حکومەت ئەو بڕیارەش لە سلێمانی جێبەجێ ناکرێت بۆیە لە سلێمانی کەمتر لۆگۆ لێدەدرێت."

 

وتیشی، "هەر بەوبۆنەیەوە لە هەولێر و دهۆک نرخی ئۆتۆمبێلی تاکسی زیاتریش دابەزیوە."

 

بەگوێرەی بڕیارەکە، لەسەرەتای مانگی داهاتووەوە، هەر تاکسییەک لۆگۆی لێنەدابێت و بکەوێتە مەفرەزەکانی هاتوچۆوە ئەوا بەبڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت، لەجاری دووەمیشدا دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.