گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڕیاردان لەسەر دۆسیەکە دواخرا

ناوەڕۆکى دادگاییکردنى پێنج راگیراوى بادینان لە هەولێر

2021.07.13 - 14:07
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى دادگاییکردنى پێنج راگیراوى بادینان لە هەولێر

ناس کورد-

 

دادگاى هەولێر بڕیاردانى لەسەر دۆسیەى پێنج راگیراوى بادینان دواخست بۆ 20 ى ئەیلولى داهاتوو، پارێزەر و پەرلەمانتارانى بەشداربووى دانیشتنەکەش جەختدەکەنەوە کە "هیچ بەڵگەیەک لەدژى" ئەو پێنج راگیراوە نییە و چاوەڕوانى ئازادکردنیان دەکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دادگاییکردنى ئەو پێنج راگیراوە کە پێکهاتوون لە (عامر خالید مامۆستاى زانکۆى دهۆک، سلێمان کەمال پێشمەرگەى دێرین، سلێمان موسا بەڕێوەبەرى قوتابخانە، جەمال خەلیل مامۆستاى ئامادەیی، فرسەت ئەحمەد ئەندازیار) ئەمڕۆ بەڕێوەچوو بەتۆمەتى ئامادەکاریی بۆ "تەقینەوە و تیرۆر".

 

پارێزەرانى ئەو راگیراوانە لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا جەختیان کردەوە، کە ئەو پێنج کەسە هیچ بەڵگەیەکى بەهێز لەدژیان نییە و پێویستە دادگا بریارى ئازادکرنیان دەربکات.

 

ئاماژەیان بەوەشکرد، دواخستنى بڕیاردان لەسەر کەیسەکە جۆرێک لە "سزا" چونکە هیچ کەسێک لە دانیشتنەکە لەدژى ئەو کەسانە شایەتى نەداوە و هیچ چەک و تەقەمەنییەکیشیان پێنەگیراوە لەکاتى دەستبەسەرکردنیاندا.

 

لەئێستادا رێکارەکانى دادگا لەسەر ئەو دۆسیەیە زۆربەیان کۆتایی پێهاتووە، تەنها ئاڕاستەکردنى تۆمەت و خوێندنەوەى لائیحەى داواکارى گشتى و پارێزەران هاتووە، ئەوەش دەکەوێتە 20 ى ئەیلولى داهاتوو کاتێک دادگا جارێکى تر لەو بارەیەوە کۆدەبێتەوە.

 

عەلى حەمەساڵح ئەندامى پەرلەمانى کوردستان و بەشداربووى دانیشتنەکە رایگەیاند، ئەو پێنج راگیراوە سەرجەم تۆمەتەکانیان رەتکردووەتەوە، ئەوان نەتەقینەوەیان کردووە نە هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگاى حزبەکان و هەوڵى تیرۆرکردنى پارێزگاریشیان نەداوە، هیچ تەقەمەنییەکیشیان پێنەگراوە.

 

وتیشى "نوێنەرانى دەزگا ئەمنییەکان دانیان بەوەداناوە کە ئەوان هیچ چەکێکیان پێنەگیراوە، جگە لەوەش پێنج کەس شایەتى داوە کە سەرجەمیان بێتاوانى ئەو کەسانەیان سەلماندووە".