گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

پەرلەمان و دارایی لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامە’’ کۆدەبنەوە

2021.07.12 - 21:28
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان و دارایی لەسەر ’’هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامە’’ کۆدەبنەوە

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح

ئەندامێکی لیژنەی پەروردەى پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی تایبەت بە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕوانامانەی کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستھاتوون، لیژنەیەک پێکهێنراوە و سبەی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاشنا عەبدولڵا، ئەندامی لیژنەکە (12ی تەموزی 2021) لە لێدوانێکدا بۆ "ناس کورد" ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ لیژنەی پەروەردە بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەت لەبارەى بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى بڕوانامە پێکبهێنرێت".

 

وتیشی، "بڕیارە لیژنەکە سبەینێ (سێشەممە) لەگەڵ وەزیری دارایی کۆببێتەوە و ئەگەر هەرگرفتێک هات پێش ئەوا بابەتەکە دوادەخرێت بۆ دوای پشووەکانی جەژنی قوربان".

 

بەوتەی ئاشنا عەبدولڵا، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی تاڕادەیەکی زۆر ناڕوونی تێدایە، کە ئەوەش وایکردووە بەشێک لە فەرمانبەران زەرەرمەندبن، بۆیە سبەی دەمانەوێت زانیاریی تەواو لەسەر پرسەکە لەخودی وەزیری داراییەوە وەربگرێن بۆئەوەی بەرچاو ڕوون بن.


جەختیشکردەوە، "بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی لەسەر بنەمای پڕۆژەی چاکسازیی حکومەت بنیادنراوە، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بەهەموو شێوەیەک وبەپێی یاسا بەرکارەکان پرسەکە چارەسەربکەین".

 

بەپێی نوسراوێکى وەزارەتى دارایی و ئابورى کە لە چوارى تەموزى 2021 ئاڕاستەى سەرجەم وەزارەتەکان کراوە، پاڵپشت بە یاساى چاکسازیی هەر بڕوانامەیەک بەبێ مۆڵەتى خوێندن بەدەستهاتبێت هەڵدەوەشێتەوە.



ئەو بڕیارە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا بەتایبەت کە ژمارەیەکى زۆر لە فەرمانبەران بە سودوەرگرتن لە مۆڵەتی كۆكراوە یان مۆڵەتى بێموچە بڕوانامەى جیاجیان بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی بڕیارەکەى حکومەت دان بەو بڕوانامانەدا نانرێت.



لە چوارچێوەى کاردانەوەکاندا ڕێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمان لە کۆبوونەوەى ڕۆژى پێنجشەممەى پەرلەمانى کوردستاندا وتى، "وەزیرى دارایی ناتوانێت بڕیارى لەو شێوەیە بدات، دەتوانێت بڵێت هەژمارناکرێت، بەڵام ناتوانێت هەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە بەدەستهێنانى بڕوانامە رێکارى خۆى هەیە".



دواى کاردانەوەکان وەزارەتى دارایی رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی هیچ بڕوانامەیەكی نییە و گشتاندنەكە ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە كە خوێندنی بەیانیان یان لە دەرەوەی وڵات بە بێ مۆڵەتی خوێندن بە دەر لە یاسا و ڕێنمایە بەركارەكان. بڕوانامەیان بە دەست هێناوە.