گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دروستکردنى فەرماندەیی’’

وەزارەتى پێشمەرگە سێ پێشنیاز ڕادەستى سەرۆکایەتى هەرێم دەکات

2021.07.12 - 20:24
App store icon Play store icon Play store icon
وەزارەتى پێشمەرگە سێ پێشنیاز ڕادەستى سەرۆکایەتى هەرێم دەکات

ناس کورد-

وەزارەتى پێشمەرگە سێ پێشنیازى ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان کرد بۆ دروستکردنى فەرماندەییەکانى پێشمەرگە دواى ئەوەى هێزەکانى 70 و 80 بەتەواوى دەچنە ڕیزى وەزارەتەکەوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

قارەمان کەمال، جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە (12ى تەمموزى 2021) بە ناس کوردى ڕاگەیاند، سێ پێشنیازى جیاجیا هەیە بۆ دروستکردنى فەرماندییەکانى پێشمەرگە، دواى یەکگرتنەوەى تەواوەتى هێزەکان، بەتایبەتى هێزەکانى 70 و 80.

 

وتیشى، "پێشنیازەکان ئاڕاستەى سەرۆکایەتى هەرێم کراون وەک فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بۆ بڕیاردان لەسەر یەکێکیان".

 

هێزەکانى 70 ى یەکێتى و 80 ى پارتى ماوەى چەد مانگێکە دەستیانکردووە بەخستنە ژێر رکێفى هێزەکانیان بۆ سەر وەزارەتى پێشمەرگە و تا ئێستا دوو گەورەترین هێزیان خستووەتە چوارچێوەى وەزارەتەوە.

 

قارەمان کەمال وتى، "ئەو پڕۆسەیە گەورەیە و کاتى پێویستە، چونکە ژمارەى ئەو هێزانە گەورەیە، لە ئێستادا سەرقاڵى رێکخستنى لیواکانیانن بەپێی سیستەمى لیواکانى وەزارەتى پێشمەرگە".

 

تا ئێستا دیار نییە کەى تەواوى هێزەکانى 70 و 80 کە دوو گەورەترین هێزى دەرەوەى وەزارەتن دەخرێنە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەوە.

 

مانگى رابردوو مەحمود سەنگاوى، فەرماندەى میحوەرى گەرمەسێرى پێشمەرگە مەرجى یەکێتى بۆ یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگە ئاشکرا کرد و رایگەیاند، ئەوان پێیانوایە لەئەگەرى یەکگرتنەوەدا دوو فەرماندەیی هەبێت و ببەسترێنەوە بە وەزارەتەوە.  

 

وتیشى "ئێمە پێمانوایە دەبێت دوو فەرماندەیی هەبێت بەناوى فەرماندەیی سۆران و بادینان، یەکێک لێرە و یەکێکیان لەولا و ببەسترێنەوە بە وەزارەتى پێشمەرگەوە، هەندێک داواکەن سێ بۆ چوار فەرماندەیی بێت، بەڵام ئێمە لەگەڵ دوانداین".