گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

نوێترین زانیاری لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا ئاشکرا دەکرێت

2021.07.12 - 15:43
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتا ئاشکرا دەکرێت

ناس کورد- 

جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە ڕایگەیاند، هێزەکانى حەفتا و هەشتاى یەکێتى و پارتى خەریکى خۆڕێکسختنەوەن بۆ ئەوەى بچنە چوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەوە و هاوکات سەرۆکایەتى هەرێم کار بۆ پێکهێنانى چەند فەرماندەییەک دەکات.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا قارەمان کەمال، جێگرى سوپاسالارى پێشمەرگە (دووشەممە 12ى تەمموزى 2021) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕایگەیاند، لەساڵى ڕابردووەوە وەزارەتى پێشمەرگە ئاگادارى هەردوو هێزی یەکەکانی حەفتا و هەشتای کردووە بۆ ئەوەى هەنگاوەکانیان دەستپێبکەن و بخرێنە سەر وەزارەت لەقۆناغى یەکەم و دواتریش بەرەو یەکگرتنەوە لەچوارچێوەى وەزارەتى پێشمەرگەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، شێوەی پێکھاتەی ئەو ھێزانە وەک وەزارەتی پێشمەرگە نییە و سەرەتا دەبێت خۆیان لەگەڵ سیستمی ھێزەکانی سەربە وەزارەت بگونجێنن، ئینجا دەست بە پرۆسەی یەکخستنەوەیان بکرێت.

 

جێگری سوپا سالاری پێشمەرگە باسى لەوەش کردووە،  لە ئێستادا ھەردوو یەکەی حەفتا و ھەشتا خەریکی رێکخستنەوەی ھێزەکانیانن، تا وەک لیواکانی سەر بە وەزارەت رێکبخرێن.

 

لەبارەى شێوازى پێکهێنانەوەى هێزەکان لەناو وەزارەتى پێشمەرگەدا،  لیوا قارەمان ئەوەى خستووەتەڕوو، ھاتنی ئەو ھەموو لیوایەی پێشمەرگە بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە و کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسان نییە، لەبەر ئەوەش پێویستە لە کاتێکی زوودا چەند فەرماندەییەک دروست بکرێن، ئەو بابەتە ئێستا لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانە، تا بزانرێت ژمارەیان چەند دەبێت و پێکھاتەیان چۆن دەبێت.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەى وەزارەتى پێشمەرگە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، هێزى پشتوانى (1) خراوەتە سەر وەزارەتى پێشمەرگە و فەرمانەکەش لەسەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرچووە و هێزى پشتیوانى (2)ش بڕیارى لەسەر دراوە بخرێتـە سەر وەزارەتى پێشمەرگە و نوسراوەکەى ئەوانیش دەرکراوە.