گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاریی

نوێترین زانیاری لەبارەی شەڕەکەی چۆمان و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە

2021.07.12 - 14:09
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی شەڕەکەی چۆمان و دۆخی ئەمنیی ناوچەکە

 

ناس کورد-

لەدوای دروستبوونی گرژی و شەڕ لەنێوان دوو بەرەدا لە سنوری قەزای چۆمان و کوژرانی کەسێک، هێزێکی زۆری ئەمنیی برایە ناوچەکە و قائیمقامی قەزای چۆمانیش دەڵێت، شەڕەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و دۆخەکە هێمن بووەتەوە، بەڵام ئەو هێزانە هەر لەوێ دەمێننەوە، بەگوێرەی زانیارییەکانیش لەسەر ڕووداوەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

درەنگای شەوی ڕابردوو لە سنوری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان خەڵکێکی زۆری چەند گوندێکی سنوری باڵەکایەتی و بەرەکەیی بەرامبەر یەکتر وەستان و لەسەر لەوەڕگا شەڕێکی سەختیان لە دژی یەکتر کرد کە چەندین جۆر چەکی تێدا بەکارهات و بەهۆیەوە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو، بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکەش پێشمەرگە و ئاسایش و چەندین ئۆتۆمبێلی سەربازی چوونە ناوچەکە.

 

زیاتر بخوێنەرەوە: بەوێنە؛ لە چۆمان شەڕێکی سەخت دروست بوو و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

 

لەوبارەیەوە سوارە ئەکرەم، قائیمقامی قەزای چۆمان بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند، "لەئێستادا شەڕەکە کۆتایی هاتووە و دۆخەکە کۆنترۆڵ کراوە و هیچ تەقەیەک لە ناوچەکە نەماوە، بەڵام ناتوانین ناوچەکە چۆڵ بکەین لەبەر مەترسی دروستبوونەوەی شەڕ."

 

وتیشی، "بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە هێزێکی ئەمنیی زۆرمان بڵاوپێکردووە و بازگەی کاتیمان داناوە، بۆ پاراستنی دۆخەکەش پێدەچێت تاوەکو 48 کاتژمێری داهاتوو ئەو هێزانە لەوێ بمێننەوە."

 

سەرچاوەی کێشەکە ئەوەیە کە ئێوارەی دوێنێ خەڵکی چەند گوندێکی سنوری باڵەکایەتی داوایان کردووە مەڕدارە بەرەکەییەکان ناوچەکە جێبهێڵن و ئەوانیش سووربوون لەسەر مانەوە و لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان لەو ناوچەیە و دواتر شەڕ دروست بووە.

 

قائیمقامی قەزای چۆمان ئاماژەی بەوەشکرد، " "زۆرینەی بەرپرسانی ناوچەکە چووینەتە شوێنی کێشەکە و لەگەڵ هەردوو لایەنی شەڕکەردا قسەمان کردووە و پێمان وتوون کە پێویستە لە ڕێگەی یاسا و دادگاوە کێشەکەیان چارەسەر بکەن و چیتر خوێنی هیچ کەسێکی دیکە نەڕژێت."

 

هەر لەبارەی ڕووداوەکەوە سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە "ناس کورد"ی وت، لەسەر ڕووداوەکە چەند کەسێک دەستگیرکراون و گەڕانیش بەشوێن کەسانی دیکەدا بەردەوامە بەمەبستی دەستگیرکردنیان.

 

وتیشی، بەهۆی ئەوەی شەڕەکە لە شەودا بووە، دیارنییە کە بکوژی سەرەکی کوژراوەکەیە، بۆیە ڕووداوەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاترە.