ناس کورد-
لە ناوچەی باڵەکایەتیی سنوری قەزای چۆمان، لەسەر لەوەڕگا خەڵکێکی زۆری چەند گوندێکی سنورەکە باڵەکایەتی و مەڕدارانی بەرەکەیی بووە شەڕیان و بەرپرسانی ناوچەکە ناچار بە جوڵاندنی هێزێکی زۆر کران بۆ کۆنترۆڵ کردنی شەڕەکە، لە ئەنجامیشدا کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی ڕابردوو لە سنوری باڵەکایەتی لە قەزای چۆمان خەڵکێکی زۆری چەند گوندێکی سنوری باڵەکایەتی و بەرەکەیی بەرامبەر یەکتر وەستان و شەڕێکی سەختیان لە دژی یەکتر کرد کە چەندین جۆر چەکی تێدا بەکارهات.
عەزیز ئاغای بێشەیی، فەرماندەی هێزەکانی هەڵگورد لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو شەڕەکە لەنێوان خەڵکی باڵەکایەتی و بەرەکەییدا لەسەر لەوەڕگا ڕوویداوە و تیایدا کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بە سوکی بریندار بووە."
وتیشی، "ئێمە ئێستا لە ناوچەکەین و بارودۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، هەرکەس کێشە دروست بکات دەستگیری دەکەین، ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا، بەڵام دەبێت لێرەوە چارەسەر بکرێت و کێشەکە گەورەتر نەکرێت و بدرێتە دەست یاسا."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "حکومەتیش دەسەڵاتی هەیە و ئەمە قبوڵ ناکرێت، خەڵک گردێک بگرێت و تەقە لە خەڵکی دیکە بکات، بۆیە هەرکەس کێشە دروست بکات دەستگیر دەکرێت."
ئەو فەرماندە سەربازییە باسی لەوەشکرد، "شەڕەکە لە کاتژمێر 11:30 دروست بووە و ئێمە کاتژمێر 1:30 خولەک هاتووینەتە ئێرە و پشتیوانی ئامبوڵانسێکمان کردووە بۆ دەرکردنی کوژراوەکە لەنێو شەڕەکە."
لەبارەی جوڵاندنی هێز لە سنوری ڕانییەوە بۆ سنوری باڵەکایەتی لەلایەن لایەنێک لە شەڕکەرەکانەوە، ئەو فەرماندە سەربازییە ئاماژەی بەوەکرد، "هەندێک خەڵکی خزمی خۆیان هاتوون، بەڵام ئەوە جوڵاندنی هێز نییە، خۆ ئەگەر هەرکێشەیەک دروست بێت و خەڵک بە حەزی خۆی هێز بجوڵێنێت، ئەی حکومەت کاری چییە."
جگە لە فەرماندەیی پشتیوانیی یەک، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوچەکە چوونەتە شوێنی شەڕەکە و بڵاوەیان پێکراوە، عەزیز ئاغای بێشەیی باسی لەوەکرد، "لەئێستادا قائیمقامییەت و ئاسایش و پۆلیس و بەرپرسانی ناوچەکە لە کۆبوونەوەدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە."