گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا پەرەسەندنی كێشمەكێشی هاوسەرۆكان: بوو بەشەڕی وێنە

2021.07.11 - 21:35
App store icon Play store icon Play store icon
دوا پەرەسەندنی كێشمەكێشی هاوسەرۆكان: بوو بەشەڕی وێنە

ناس کورد-

 

كێشمەكێشی هاوسەرۆكانی یەكێتی ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو بە گرژی ئەمنی و دڵەخورتێ لە ئەگەری پێكدادان دەستی پێكرد، بەڵام لە ئێوارەی چوارەم ڕۆژدا گەیشتە شەڕی بڵاوكردنەوەی وێنە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

میدیاكانی یەكێتی و سۆشیال میدیای بافڵ تاڵەبانی و لایەنگری ماڵی تاڵەبانی جۆرەها وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی دەستبەكاربوونی ئەژی ئەمینیان لەسەرۆكایەتی دەزگای زانیاری و وەهاب هەڵەبجەیی و فەرماندەیی دژە تیرۆردا وەشاند، لەكاتێكدا میدیای لاهور شێخ جەنگی هێشتا بێدەنگە لایەنگرەكانی هەڵمەتێكیان بۆ پۆستكردنی وێنەی هاوسەرۆك بەرپاكرد كە بەشێكیان لە كۆمێنتی پۆستەكانی میدیاکانى یەکێتییە. 

لەم میانەیەشدا كەمپینی بافڵ و قوباد تاڵەبانی بەفەرمی و نافەرمی وێنەكانی دەستبەكاربوونی ئەژی ئەمین و وەهاب هەڵەبجەییان بڵاوكردەوە كە لەهەندێكیاندا بافڵ تاڵەبانی بەكوڵ وەهاب هەڵەبجەیی لەباوەش دەگرێت و خۆشحاڵی لێدەخوێنرێتەوە بۆ جێگیربوونی، لەوێنەیەكیتردا فەرماندەی دژەتیرۆر بەگرنگییەوە لەفەرمانی دانانی ورد دەبێتەوە بێ ئەوەی ڕوون بێت ئاخۆ ئەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمە یان هی كارگێڕی ناوخۆیی دەزگا. 

تا ئێستا (ئێوارەی 11 تەمموزی 2021) میدیا و سۆشیال میدیای لاهور شێخ جەنگی بێدەنگن لە پێشهاتەكانی چوارەم ڕۆژ كە رۆژی یەكلاییكردنەوەی گۆڕانكارییەكان بوون لە دوو هەستیارترین دەزگای ئەمنی یەكێتی، بەڵام جەماوەری لاهور شێخ جەنگی هەڵمەتێكیان بۆ هاوپێچكردنی وێنەی سەرۆكەكیان بەرپاكردووە لە پۆستەكانی میدیای یەكێتی كە هەندێكیان كۆمێنت و نووسینیان لەسەرە.

 

"ناس كورد" نەیتوانى ئەوە پشڕاست بكاتەوە ئاخۆ ئەو هەڵمەتە خۆڕسكە یان رێكخراو، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی ئەوەی بۆ دەركەتووە بەشی زۆریان بانگەشەی ئەوە دەكەن لاهور شێخ جەنگی خاوەن جەماوەری زۆرە لەناو یەكێتی و ناكرێت پەراوێز بخرێت. 

تا ئێستا پاساوی ڕاگەیەنراوی گۆڕانكارییەكانی بافڵ تاڵەبانی، چاكسازیكردن و ڕێگرتنە لە قاچاخچێتی بەتایبەت مۆبایل و زێڕ و جگەرە، دوا لێكدانەوەی میدیایی بەرەی لاهور شێخ جەنگیش پێداگرە لەسەر ئەوەی گۆڕانكارییەكان بۆ باڵادەستكردنی پارتییە بەسەر بڕیاری یەكێتی و سلێمانی و بەزەبری هێز كراون. 

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "ناس كورد" ی ڕاگەیاند (11 تەمموزی 2021) ئەوەی ڕاگەیەنراوە لە گۆڕانكارییكردن لە فڕۆكەخانە و ئاسایش و پۆلیس و دەروازە سنورییەكان هەنگاو بەهەنگاو جێبەجێ دەكرێن، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە گروپی لاهور شێخ جەنگی جەخت لەوە كردەوە بۆ "ناس كورد"، ئۆرگانەكانی یەكێتی و جەماوەری حیزب زۆرینە پشتیوانی لە هاوسەرۆكی یەكێتی دەكەن و بەبێ رێككار و رێوشوێنی حزبی ناكرێت تاكلایەنە درێژە بەو گۆڕانكارییە بدرێت كە هەفتەی ڕابردوو كراو لاهور شێخ جەنگی ڕەتكردنەوە و ناشەرعی بوونی ڕاگەیاند.