ناس کورد-
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەنوسراوی فەرمی جەخت لەسەر قەدەغە کردنی دیاردەی نوشتە و سحر و جادوو و دەرکردنی جنۆکە لە جەستە دەکاتەوە و داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە هەڵمەتێکی چڕ دژی ئەو دیاردەیە دەستپێبکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بەنوسراوی ژمارە ( ١٧٠ ) لە ڕێکەوتی 27ی حوزەیرانی 2021، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی داوای لەوەزارەتی ناوخۆ کردووە، ھەڵمەتێکی چڕ و ورد دەست پێ بکەن بۆ نەھێشتن و بنەبڕ کردنی دیاردەی نوشتەوسحر و جادوو و دەرکردنی جن لەلایەن ھەندێک کەسی بەرژەوەندی خوازەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، " سەرپێچی کارانیش روروبەرووی یاسا بکرێنەوە."
ئیحسان محەمەد سەلیم، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی وت، "کاری سحر و جادوو و دەرکردنی جن لە جەستە بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و لەجیاتی کەمبێتەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەکات."
وتیشی، "ئەو کارە وای لێهاتووە لە هەموو شار و ناوچەیەکدا کەسێک بەبێ ئەوەی هیچ زانستێکی پێبێت دەست دەکات بەو کارە و پارەیەکی زۆر لە خەڵک دەسێنێت و جگە لە پەیداکردنی پارە هیچ شتێکی دیکە لە پشت ئەو کارەوە نییە."
دیاردەی سحر و جادوو جگە لە لایەنە مادییەکەی، زۆرجار دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتیش و بەتایبەت سحر و جادوو کردن بۆ دوورخستنەوەی کەسانی نزیک لە یەکتر.
ناس کورد زانیویەتی، لەماوەی ڕابردوودا چەند حاڵەتێک ئاشکرا بووە کە سحر و جادوو کراوەتە نێو ئەو دیارییەی کە وەک کلتورێک لەنێو کورددا بۆ هاوسەرانی نوێ دەبردرێت، هەربەوهۆیەوە لەئێستادا لەو قەزایە کلتوری بردنی دیاری بۆ بوک و زاوا نەماوە و کۆتایی پێهاتووە.
هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەو پرسە کرد و ڕایگەیاند، سحر و جادوو لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگرنەبەر.
هەفتەی ڕابردوو، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا باسی لەو پرسە کرد و ڕایگەیاند، سحر و جادوو لە هەرێمی کوردستان بووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد ڕێکاری پێویست لەوبارەیەوە بگرنەبەر