گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانیاریی زیاتر

ئەنجومەنى پیران داواى وەڵامى بەهێز و خێراى هێرشى میلیشیاکانى عێراق دەکات

2021.07.10 - 23:45
App store icon Play store icon Play store icon
ئەنجومەنى پیران داواى وەڵامى بەهێز و خێراى هێرشى میلیشیاکانى عێراق دەکات

ناس کورد-

 

ڕۆژنامەیەکى ئەمریکى ئاشکرایکردووە، بەهۆى زیادبوونى هێرشەکانى میلیشیاکان دژى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق و سوریا، پەستانێکى زۆر بۆ سەر جۆ بایدن، سەرۆکى ئەو وڵاتە دروست بووە و داواى وەڵامدانەوەى بەهێز و خێرا دەکرێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژنامەى "پۆلەتیکۆ"ى ئەمریکى 10ى تەموزى 2021 بڵاویکردووەتەوە، ئەندامانى کۆماریەکان لە ئەنجومەنى پیرانى ئەمریکا پێیان وایە، کاردانەوەکانى جۆ بایدن، سەرۆکى ئەو وڵاتە بەرامبەر هێرشى میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانى وڵاتەکەیان لە عێراق و سوریا وەک پێویست نییە و کاریگەرى نییە.

 

ئەوەش هاتووە، کۆماریەکان ڕەخنە لە سیاسەتى "نزمترین ئاست" لە وەڵامى هێرشەکان دەگرن و پێیان وایە شکستى هێناوە لە بەرپەرچدانەوەى بەکرێگیراوەکانى ئێران.

 

لاى خۆیەوە جیم ئینهۆف ئەندامى لیژنەى هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنى پیران ئاماژەى بەوەداوە، ناکرێت لێبوردەبین بەرامبەر بەردەوامى هێرشى میلیشیاکانى سەربە ئێران بۆ سەر ئەمریکییەکان لە عێراق، لەسەر جۆ بایدن پێویستە لەبرى ئەوەى سیاسەتى "نزمترین ئاست"ى وەڵامدانەوە پەیڕەو بکات، پێشنیارى ستراتیژێکى وەڵامدانەوە و کۆتایى هێنان بەو هێرشانە بکات.

 

ئەو سیناتۆرە پێشى وایە، ئەو ستراتیژە شکستى هێناوە لە بەرپەرچدانەوەى ئێران و میلیشیاکان و ژیانى ئەمریکییەکان دەخاتە بەر مەترسى زیاتر.

 

پۆلەتیکۆ جەختیلەوەشکردووەتەوە، وەڵامدانەوەى هێرشى میلیشیاکان کارى لە پێشینەى کۆمارییەکانە و مایک ڕۆجەرز ئەندامى لیژنەى هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنى نوێنەرانى ئەمریکا وتویەتى، پێویستە ئەوە ڕوون بکرێتەوە ئەگەر هێزەکانمان لە هەر پارچەیەکى ئەم جیهان هێرشیان بکرێتە سەر، تەنها وەڵام نادەینەوە، بەڵکو بە خێرایى و بە بەهێزییەوە وەڵام دەدەینەوە.