گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی هێزەکانی یەکەی حەفتا لەبارەى جوڵاندنی هێزە لە سلێمانی

2021.07.10 - 13:46
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی هێزەکانی یەکەی حەفتا لەبارەى جوڵاندنی هێزە لە سلێمانی

ناس کورد-

هێزەکانی یەکەی حەفتای سەر بە یەکێتی لەبارەى جوڵاندنی هێز لە سلێمانی بە ناس کوردی ڕایگەیاند، "هیچ لایەنێک داوای لە ئێمە نەکردووە هێز بجوڵێنین."

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەحمەد لەتیف، وتەبێژی هێزەکانی یەکەی حەفتای یەکێتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ناس کورد" لەبارەی جوڵاندنی چەند هێزێکی سەر بە یەکێتی لە سلێمانی ئاشکرای کرد، "ئێمە هیچ هێزێکمان نەجوڵاندووە و هیچ لایەنێکیش داوای لێ نەکردووین هێز بجوڵێنین."

 

لەبارەى هەڵوێستی یەکەی حەفتا لەسەر گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی، ئەحمەد لەتیف وتی کە "ئەوە بابەتێکی ناوخۆیی حزبە و پەیوەندی بە ئێمەوە نییە." 

 

گرژی ئەمنی و ئەگەری پێكدادانی چەكداری لەنێوان هێزی هەردوو هاوسەرۆكی یەكێتی دوێنێ هەینی كۆتاییهات و بە فەرمی كاندیدی بافڵ تاڵەبانی بۆ دەزگای زانیاری جێگیركرا، بەڵام لاهور شێخ جەنگی ئامادەی دانپێدانان نییە و هەنگاوی داهاتووی ناوبراویش تارمایی و پرسیارێكی جومگەییە لەم قۆناغەی ئێستای یەكێتيی نیشتمانی.  

  

بەگوێرەی زانیارییەكانی "ناس كورد" كە لە سەرچاوەی جیاجیاوە دەستی كەوتووە (10 تەموزی 2021) مشتومڕی ئەم دواییەی بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی لەسەر سەرۆكایەتی دەزگا ئەمنییەكانی زانیاری و دژە تیرۆر، تا ئێستا لە بەرژەوەندی بافڵ تاڵەبانی كۆتاییهاتووە، چونكە لەجێگەی محەمەد تەحسینی برای ئاڵا تاڵەبانی كە نزیكە لە لاهور شێخ جەنگی كەسێكی تر بەناوی ئەژی مەلا ئەمینی هەڵەبجەیی دانراوە، بەڵام لاهوری شێخ جەنگی لەڕێگەی میدیاكانییەوە شەوی ڕابردوو ئەوەی ڕاگەیاند، "سورە لەسەر ئەوەى دەبێت ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێتەوە چونکە نایاسایین و بەزەبری هێز کراوە کە ئەوەش هەرگیز ڕێگا پێدراو نییە".  



ناس کورد ئەوەشی زانیوە، كاریگەریی ئەم جێگۆڕكێیەی دەزگای زانیاری كە لاهور جەنگی بەناشەرعی دەزانێت، لێكەوتەی زۆری لەسەر هاوكێشەی هێز لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا دەبێت، بەوپێیەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەهەموو ئۆرگانێكی گرنگ و باڵا و مەكتەبێكی یەكێتیدا نوێنەری دەزگا هەیە، بەمدواییانەش دەزگای زانیاری خەریكبووە ئۆرگانەكانی یەكێتی كۆنترۆڵ بكات كە باوەڕ وابووە لە بەرژەوەندی لاهور شێخ جەنگییە، ئەمە لە كاتێكدا ناوبراو ماوەیەكی زۆرە وەك جەمسەرێكی نەیاری پارتی لەبنكەی خوارەوەی یەكێتیدا جەماوەری هەیە، جگە لەوەش چەندین و سەكۆ و ماڵپەڕ و پەیجی لە میدیا و سۆشیال میدیا هەیە بۆ دروستكردنی ڕای گشتی. تا ئێستا ڕوون نییە ڕۆڵی ئەو نوێنەرانەی دەزگا لە مەكتەبەكانی یەكێتی لەسەردەمی باڵادەستبوونی بافڵ تاڵەبانیدا چۆن دەبێت، بەڵام باوەڕی زاڵ ئەوەیە وەك جاران لە چاودێریكردن بەردەوام بن بەڵام ئەمجارە لەبەرژەوەندی ئاراستەی نوێ كە ماڵی تاڵەبانین (ئەگەر هات و گۆڕانكارییە بەتەواوی سەریگرت).  

  

بەگوێرەی زانیارییەكانی ناس كورد، لەپاش گۆڕانكاری لە دەزگا ئەمنییە هەستیار و باڵادەستەكان، بریارە مەڵبەندەكانی شارەزوور و كەركوك و یەكێكیتر لە مەڵبەندەكانی یەكێتی بەر گۆڕانكاریی بكەون، ئەمەش وێستگەیەكی تری ناكۆكی و بەریەككەوتنی هەردوو هاوسەرۆك دەبێت لە كاتێكدا سێ مانگیتر یەكێتی و سەرجەم حیزبە سیاسییەكانی عێراق و كوردستان دەچنە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەوە كە بەگرنگ لە قەڵەم دەدرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و دیاریكردنی سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق.  

  

زیاتر بخوێنەوە: ناس زانیاری لەبارەی بەریەككەوتنی هاوسەرۆكانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە  

  

میدیای نزیك لەلاهور شێخ جەنگی، گۆڕانكارییەكانی بافڵ تاڵەبانی و لەگەڵیشیدا قوباد تاڵەبانی بە پلانی پارتی دەدەنە قەڵەم بۆ كۆنترۆڵكردنی یەكێتی، لەم لێكدانەوەیەشدا هەندێك چاودێر و شیكاروان و سیاسی نەیاری پارتی هاوڕان و نووسین و لێدوانی هەندێكیشیان كراوەتە بەڵگە، بەڵام لێكدانەوەی تر هەن خواستی بافڵ بۆ گێڕانەوەی یەكێتی بۆ ئامێزی ماڵی تاڵەبانی بەهۆكاری جموجوڵی ئەمدواییە دەزانن، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا هێشتا كاریگەریی دەرەكی لەسەر كۆی ئەم پێشهاتانە جێگەی پرسیارو لێكدانەوەی جیاجیایە و باوەڕ وەهایە كاریگەری پارتی و هاوكێشەی هەرێمایەتی و گوشاری باڵیۆزخانەكانیش لەسەر هەندێك پرسی پەیوەست بەیەكخستنی پێشمەركە و هێزە ئەمنییەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان پشكیان تێیدا هەبێت.  

  

بەر لە كۆنترۆڵكردنی دەزگای زانیاری، پێگەی بافڵ تاڵەبانی بەلاواز بینراوە لەناو یەكێتی یان وەها وێنا كراوە، ئەمەش بەرمەبنای ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی كۆنگرەی چوارەم لە كۆتاییەكانی كە 2019 لاهور جەنگیان كردە یەكەم دەنگ، هەروەها بەرمەبنای ئەو قەرەباڵغییەی لەدەوری لاهوری شێخ جەنگی هەبووە، بەڵام هەر لەم گۆڕانكارییە ئەمنیانەی دوایی دەركەوت پشتیوانی لاهور جەنگی لەناو دەزگا ئەمنییەكاندا گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، قسەو باسی زۆریش هەن لەسەر گۆڕانی ئاراستەی پشتیوانی هەندێك لە كادرە باڵاو سەركردە هەڵكشاوەكانی ئەمدواییەی ناو یەكێتی لە بەرژەوەندی ماڵی تاڵەبانی بەبێ ئەوەی قەبارەی ئەو گۆڕانكارییە هێشتا ڕوون بێت یان شۆڕبوونەوەی بۆ بنكەی جەماوەریی یەكێتی لە ئاستی هەستپێكردنی بەرچاودا بێت. هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا نزیكبوونەوەی ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی و هەندێكیتر لە جەمسەرە كاریگەرە پێشووەكانی یەكێتی لەگەڵ بافڵ پێشهاتێكە جگە لە گریمانە هەندێك ئاماژە و بەڵگەشی لەسەرە.  

  

بەگوێرەی بەدواداچوونی "ناس كورد"، باوەڕێكی تاڕادەیەك زاڵ لەناو كادرانی یەكێتیدا هەیە كە ئەگەر ئەم ڕووداوانەی ناو یەكێتی دەستكردی پارتیش نەبن ئەوا لەبەرژەوەندی پارتی دەشكێنەوە، بەتایبەت لەسەروبەندی هەڵبژاردن، هەروەها لە كاتێكیشدان كە پارتی لەهەوڵی زۆردایە بۆ پەلكێشان بۆ زۆنی سلێمانی لە ڕێگای جیاجیاوە كە دواترینیان سەردانی كەسایەتی و خەڵكانی خاوەن قوربانی زویری یەكێتییە، بەڵام پارتی جگە لە پەیجە سێبەرەكانی دەزگا كاریگەرەكانی لەسەر ئاستی فەرمی و حزبی تا ئیستا خۆی بەدوور گرتووە لە قسەكردن لە كێشمەكێشەكانی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی.  

  

هەندێك لەكادرانی یەكێتی بەئاشكرا لە سۆشیال میدیا باس لەوەدەكەن لەم قۆناغەدا لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی بۆ یەكێتی پێویستن، بەتایبەت لاهور بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن وەك سەرۆكی هاوپەیمانێتی كوردستان لەنێوان یەكێتی و گۆڕان و بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ ئیدارەدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی لەگەڵ پارتی و حكومەتی هەرێم لەلایەك و وەك كوڕانی ڕابەری گەورەی كۆچكردووی یەكێتی كە مام جەلالە لەلاكەیتر، بەڵام ئەم كاری پێكەوەییە داواكراوە لەلایەن دڵسۆزانی یەكێتییەوە، لەئێستادا دووچاری كەندەڵان و لەمپەری زۆر هاتووە و هێشتاش تەواو ڕوون نییە بە چ ئاراستەیەكدا دەڕوات.