گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تاوانێک بەریتانیاى هەژاند

ئەفسەرێک دانینا بە دەستدرێژى سێکسى و کوشتنى کچێکدا

2021.07.09 - 23:49
App store icon Play store icon Play store icon
ئەفسەرێک دانینا بە دەستدرێژى سێکسى و کوشتنى کچێکدا

ناس کورد-

ئەو پۆلیسە بەریتانییەى بە تۆمەتى دەستدرێژى سێکسى و کوشتنى کچێکى تەمەن 33 ساڵ تۆمەتبار کرابوو، لەبەردەم دادگادا دانینا بە تاوانەکەیدا.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئاژانسى فرانس پرێسى فەرەنسى (9ى تەموزى 2021) بڵاویکردووەتەوە، واین کۆرینزى تەمەن 48 ساڵ ئەفسەرى بەریتانى کە چەندین مانگە لە زینداندایە لەبەردەم دادگاى ئۆڵد بیلى لە لەندەن دانینا بەوەدا کە "سارە ئیفۆرد"ى تەمەن 33 ساڵى ڕفاندووە و دواى دەستدرێژى سێکسى کوشتوویەتى.

 

لاى خۆیەوە جیم ستۆرمان پاڕێزەرى ناوبراو ئاماژەى بەوەدا، واین دانیناوە بە تاوانەکەیدا و پەشیمانە لەوەى کردوویەتى، پێى ڕاگەیاندووین کە تا کۆتایى ژیانى قورسایى تاوانەکەى هەڵدەگرێت.

 

سارە ئیفۆرد لە مانگى سێى ئەمساڵدا لەکاتى گەڕانەوە بۆ ماڵەوە دواى سەردانیکردنى هاوڕێکانى لە ناوچەى کلافام لە باشورى شارى لەندەن دیارنەما و دواتر تەرمەکەى بە کوژراوى لە دارستانێکدا دۆزرایەوە، ئەو تاوانە شەپۆلێکى گەورەى ناڕەزایى لەو وڵاتە دروستکرد.

 

هەزارەها ژن لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ناڕەزایى خۆیان دەربڕى و جەختیان لەوەکردەوە کە هەست بە پارێزراوى ناکەن و دەستیان کرد بە گێڕانەوەى ئەو هەڕەشە و گێچەڵانەى پێیان کراوە و داواشیان لە سیاسیەکان کرد کە کار بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو دیاردەیە.

 

لاى خۆشیەوە کریسیدا دیل فەرماندەى پۆلیسى لەندەن دواى دادگاییەکە لە دەرەوەى دادگا بە ڕۆژنامەنوسانى وت، ئەندامانى هێزەکانى پۆلیس توڕەن و ڕووخاون و هەست بە قێزەونى دەکەن لە تاوانەکانى ئەو پیاوە.

 

دواى هەفتەیەک لە دیارنەمانى سارە، تەرمەکەى لە نزیک زەوییەکەى واین کۆزینز دۆزرایەوە و بەپێى ڕاپۆرتى پزیشکى دادوەریى بەهۆى دروستبوونى فشار لەسەر قورگى گیانى لەدەستداوە، بڕیارە کۆتایى مانگى 9ى ئەمساڵ سزاى ئەو ئەفسەرە لەلایەن دادگاوە ڕابگەیەندرێت.

 

دواى لێکۆڵینەوەکان، لە گرتە ڤیدیۆییەکانەوە دەردەکەوێت کە ئەو ئەفسەرە سارە دەڕفێنێت، بەپێى وتەکانى داواکارى گشتى بە هیچ شێوەیەک پێشتر واین و سارە یەکتریان نەناسیوە، دواى ئەنجامدانى تاوانەکەشى واین وتویەتى کە شەکەتە و چیتر نایەوێت چەک هەڵگرێت، دواى  بەدواداچوون بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەى سارەى پێ ڕفێنراوە لە ڕێگەى کامێراکانى چاودێریەوە ناسراوەتەوە و لە ڕێگەى ئەو کۆمپانیاشى بە کرێى داوە واین ناسراوەتەوە.

 

لەکاتى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا ئەو ئەفسەرە وتویەتى، دواى دەستدرێژى سێکسى سارەى داوەتە دەست چەند کەسێک کە خەڵکى ئەوروپاى ڕۆژهەڵات بوون، بەڵام لە ڕێگەى داتاکانى مۆبایلەکەیەوە لێکۆڵەران توانیویانە ڕاستیەکە ئاشکرا بکەن و تەرمى سارە بدۆزنەوە کە کرابووە کیسێکى گەورەوە و هەڵدرابووە ناو ڕێڕەوێکى ئاوییەوە و لە ڕێگەى تۆمارى دانەکانیەوە ناسرایەوە کە سارەیە.

 

پێشتر لەکاتى دانیشتنى گوێگرتنى دادگادا، داواکارى گشتى جەختیلەوەکردەوە ئەگەر واین بە کەفالەت ئازاد بکرێت ئەگەرى هەیە کارەکەى دووبارە بکاتەوە، هەروەها هەڵسوکەوتێکى ترى سێکسى ئەو ئەفسەرەى ئاشکرا کردبوو کە چەند ڕۆژێک پێش تاوانەکەى ئەنجامیدابوو.

 

لەلایەکى ترەوە دەستەیەکى لێکۆڵینەوەى سەربەخۆ سەرقاڵى لێکۆڵینەوەیە لەو بەڕێوەبەرایەتییەى پۆلیس کە واین کارى تێدا کردووە، تا بۆیان دەرکەوێت کە وەڵامى ئەو ئاگادارییەیان بە شێوەیەکى گونجاو داوەتەوە کە لەسەر هەڵسوکەوتەکانى واین ئاڕاستەیان کراوە، هەروەها لە کاتى مەراسیمى بە خاک سپاردنى سارە هێزەکانى پۆلیس بەشێوەیەکى چڕ بڵاوببونەوە و ئەوەش ڕووبەڕووى ڕەخنەیەکى زۆرى کردنەوە.